وردەکاریى

ئەمریکا چوار گرووپی میلیشیای عێراقی خستە لیستی “تیرۆر”ـەوە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، چوار گرووپی میلیشیاى عێراقى خستە لیستى تیرۆرەوە کە نزیکن لە ئێرانەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو گرووپانە بریتین لە “بزوتنەوەى نوجەبا، کەتیبەکانی سەید شوهەدا، بزوتنەوەى ئەنسارولڵا ئەلئەوفیا و کەتیبەکانی ئیمام عەلی.”

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، پێشتریش هەر چوار گرووپەکەی وەکو “تیرۆریستی دیاریکراوی جیهانی” پۆلێن کردبوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئێران وەکو یەکەم وڵاتی سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ ئەو میلیشیایانە تاکو هێرش لە سەرتاسەری عێراقدا ئەنجام بدەن، پلانی بۆ دابنێن و کاری بۆ ئاسان بکەن.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو بنکانەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی تێدا نیشتەجێیە و زۆرجار لە ژێر ناوی جیاواز و گرووپی دیکەدا ئەو کارانە دەکەن بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان بشارنەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیمان و رێگریکردن لە گەیشتنی پارە و سەرچاوە بە تیرۆریستان.”

بەشداری هەڵبژاردن ناکەین مادام میلیشیاکان ماون

بەشداری هەڵبژاردن ناکەین مادام میلیشیاکان ماون