کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دەچێ

ئەمڕۆ هاوڵاتیانی مێرگەسۆر و پیران بێ کارەبا دەبن

شۆڕش قادری

تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی گەیشتنە قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئەمڕۆ هاوڵاتیانی قەزاکە و ناحیەی پیران بێ کارەبا دەبن.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سۆران، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە 15.9.2025 تا ئێوارە کارەبای نیشتمانی قەزای مێرگەسۆر و ناحیەی پیران دەبڕێت، چونکە تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی لەوێن و سەرقاڵی راکێشانی کارەبای 24 کاتژمێرین.

نزیکەی مانگێکە تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی چوونەتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بڕیارە تا مانگی 11ـی ئەمساڵ کارەبای دانیشتووانی ئەو دەڤەرەش ببێتە 24 کاتژمێری و ئیدی لە هاڕە هاڕی موەلیدە رزگاریان دەبێت.