ئۆپڵێک خۆی بە سێ بارهەڵگردا کێشاوە

وردەکاری دەربارەی رووداوی هاتوچۆکەی کەرکوک

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە رووداوی هاتوچۆکەی کەرکوک، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ئۆپڵ خۆی بە سێ بارهەڵگردا کێشاوە و هەر ئەوەش بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس.

نزیک کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆ شەممە 13.9.2025 لەسەر شەقامی پێشتێنەی کەرکوک و بەدیاریکراوی لەنزیک هەفتەبازاڕ رووداوێکی هاتوچۆی سەخت روویدا، پەیامنێری 964 چووەتە شوێنی رووداوەکە و شایەتحاڵێکی دواندووە کە بەسەر رووداوەکەدا کەوتووە، ئەو دەڵێت، چوار کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش دواتر بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی سپاردووە.

دەشڵێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ کە لە رێگای سلێمانییەوە هاتووە، خۆی کێشاوە بە سێ بارهەڵگر کە لە قەراغ جادەکە وەستاون و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری