بوومەلەرزە قوتابخانەیەکی بەگیرهێناوە
964+
سەعید محەمەد – هەولێر
بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووەوە، بەشێک لە دیواری قوتابخانەی زوورگەزراو لە قەزای خەبات لە هەولێر درزی تێبووە و مەترسی رووخانی لەسەرە.
شەوی رابردوو، لە دەوروبەری کاتژمێر 2:25 خولەکی بەرەبەیان، دوو بوومەلەرزە روویاندا کە چەقەکەیان دەکەوتە نێوان پارێزگای نەینەوا و هەولێر، بە گوڕی 4.3 و 4ی رێختەر.
ئەو بوومەلەرزانە ترسیان خستە دڵی خەڵکی ناوچەکە و تاوەکو چەند کاتژمێرێک دواتر لە دەرەوە بوون.
لەوبارەیەوە، مەعروف حەمەسەعید، بەرێوەبەری پەروەردەی خەبات بە 964ی وت، “بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر دیواری قوتابخانەی زوورگەزراو کردووە، ئەگەرچی پێشتر کەمێک شەقی بردبوو، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەکە زیاتر بووە”.
وتیشی، ئەوان نوسراویان بۆ وەزارەت کردووە و ڤیدیۆی دیوارەکەشیان ناردووە تاوەکو چارەسەر بکرێت.
قوتابیان لە شوێنی رووداوەکە کۆبووبوونەوە و بە قسەی پەیامنێری 964 جۆرێک لە ترسیان پێوە دیاربووە.
تۆڕی 964 دەزانێت، جگە لە دیواری قوتابخانەکە، زیان بەر یەکێک لە دیواری پۆلەکانیش کەوتووە و مەترسی رووخانی لەسەرە.