شه‌ش شارى گرته‌وه
باکوری کوردستان؛ خۆپیشاندانى فراوان بۆ به‌فه‌رمى ناساندنى زمانی کوردی له خوێندندا به‌ڕێوه‌چوو
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له چه‌ند شارێكى باكورى كوردستان به هەزاران کەس رژانه سه‌ر قامه‌كان و داوایان كرد زمانی کوردی وەک زمانی فەرمیی خوێندن لە تورکیا دانی پێدابندرێت.
شاره‌كانى ئامەد، وان، شه‌رناخ، ئاگری، ئێڵح و سێرت، خۆپیشاندانه‌كانى هاوڵاتیانى به‌خۆوه بینى و له‌ناویاندا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئەندامانی کۆمەڵە و سەندیکا پەروەردەیی و رۆشنبیرییەکان بەشداربوون.
به‌شێك له ماڵپه‌ره كوردييه‌كانى باكورى كوردستان ئه‌م خۆپیشاندانه‌یان بڵاوكرده‌وه، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه جه‌ماوه‌رى خۆپیشانده‌ر بە یەکدەنگ جەختیان لە بێبەشکردنی ملیۆنان منداڵی کورد لە خوێندن بە زمانی دایک كردووته‌وه و ئه‌وه‌یان به “تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی” پێناسه كردووه.
خەمخۆرانی زمانی کوردی جەختیان لەوە کردەوە تا زمانی کوردی ستاتۆیەکی یاسایی و دەستووریی پێ نەدرێت و دەرگای قوتابخانەکان لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ بە ڕووی خوێندن بەم زمانەدا نەکرێتەوە، ناتوانرێت باسی ئاشتییەکی سەربەرزانە و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بکرێت.
ئەم ناڕەزایەتییە فراوانانە لە کاتێکدایە کە باس لە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەریی پرسی کورد له توركیا دەکرێت، بەڵام چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی کورد رەخنەی ئەوە لە حکومەتی تورکیا دەگرن تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەناوە.
ئاماژەیان بەوە کردووه، ئاشتی تەنیا بە چەکدانان نایەتەدی، بەڵکو پێویستی بە داننانە بە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد، کە لە سەرووی هەموویانەوە مافی زمان و ناسنامە.