"تەنیایی کیژان هەتا هەتایە دەهێڵمەوە"

چاوەڕێی ئەفشین شوکرییەکی ئینتەرناشناڵ مەکەن

ژووری هەواڵ

ئەفشین شوکری، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ لە نۆ کۆمێنتی 964 تەمەنی راستەقینەی ئاشکرا دەکات و رەتیشی دەکاتەوە ئازەری بێت و بەڵێنیشدا دوای بەرنامەکەی ئێمە، بەرهەمێک لە یوتیوبەکەی بسڕێتەوە.

بەشێکی زۆر لە هونەرمەندە لاوەکانی ئێستا لەگەڵ ئەفشین شوکری کاریان کردووە، وەک هەردی سەلامی و هەڵوێست و نەڤید زەردی و  دەروون و فیردەوس و کیژان ئیبراهیم خەیات و زۆری تر، بەڵام ئەو لەناو هەمووان گۆرانی تەنیایی کیژان ئیبراهیم خەیاتی هەڵبژارد، کە هەرگیز حەزناکات بیسڕێتەوە و یەکێکە لەو کارانەی زۆر شانازی پێوەدەکات.

لێرە و لەوێ دەوترا ئەفشین شوکری ئازەربایجانییە، ئەو دەڵێت راستە خوێندنم لەوێ بووە، بەڵام من لە مهاباد ژیاوم و لەدایکبووم و باوکیشم سەقزیە، تەمەنیشم 44 ساڵە.

هەر کە تەمەنەکەی وت چاوان وتی ماشاڵا، دەی خۆ دیارە هەر بە روخسارییەوە دیارنییە و بە گەنجی ماوەتەوە، ئەفشین لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئیش بۆ هەر هونەرمەندێک بکات دەبێت خۆشی دوێتێکی لەگەڵ هەبێت، وتی، بۆ من ناوبانگ گرنگ نییە و چاوەڕێی ئەفشین شوکرییەکی ئینتەرناشناڵ ناکەم، تەنیا دوێتەکان حەز و رێکەوتە، یان ئەوان داوا دەکەن و حەزیشم لە هاوکارییە.