"هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە"

وەزیری ناوخۆی كوردستان: دەمانەوێت هاوبەشیی تەكنەلۆژی لەگەڵ ئەمریكا بكەین

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هێشتا داعش هەڕەشەیە و هەڕەشەكانی بەردەوامن، ئاشكراشی كرد دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریكییەكان لە ڕووی تەكنەلۆژیاوە هاوبەشییان هەبێت.

رێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ دووشەممە لە وتەیەكدا لە كۆنفرانسێكی وەبەرهێنەرانی ئەمریكی و بە ئامادەبوونی كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان وتی، دەیانەوێت پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ ئەمەریكا و كۆمپانیا ئەمەریكییەكاندا هەبێت.

وتیشی، هێشتا هەڕەشەی داعش لەناو نەوچووە و لە ناوچە جێناكۆكەكان چالاكییان هەیە، “هێزەكانمان بە هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانان، بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش، هەروەها بەردەوام كار دەكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچیەتی، كە هۆكارە بۆ ناسەقامگیریی ئاسایشی ئابووریمان”.

وەزیری ناوخۆی كوردستان باسی ئەوەشی كرد، حكومەتی هەرێم پەوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ حكومەتی ئەمەریكادا هەیە، هەرێم دەیەوێت هاوبەشی بەردەوامیشی لەگەڵ ئەمەریكادا هەبێت.

روونی كردەوە، دەیانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكییەكان بكەن بۆ سەقامگیریی ژێرخانی ئەوان و دەیانەوێت لە رووی تەكنەلۆژیاوە هاوبەشییان بكەن، كە ئەمە نەک تەنیا خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو خەڵك و سامانی ئەمەریكاش دەپارێزێت، كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

وەزیری ناوخۆی كوردستان باسی لە هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كوردستانیش كرد و ئاماژەی بەوە دا، ” بەداخەوە بەشێک لە میلیشیاکان هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان، دەبینین ئەوەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری”.

قاسم ئەعرەجی لە هەولێرە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە

قاسم ئەعرەجی لە هەولێرە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە