"لە کوردستان بوون نیعمەتە"

کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر: ناونانی رێرەوێک بەناوی پێشمەرگە رێزلێنانە لە قوربانیدان و ئازایەتیان

+964

مستەفا نەهرۆ

یان برایم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، دەڵێت ناونانی شەقامێک لە پاریس بە ناوی پێشمەرگەوە بۆنەیەکی زۆر گرنگە بۆ فەرەنسا و کوردستان، چونکە “رێزلێنانە لە ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە کە سەربازەکانمان شانبەشانیان دژی تیرۆر جەنگان.”

برایم ئاماژەی بەوەش کرد، هەڕەشەی داعش تەنیا لە عێراق و سوریا نەبووە، بەڵکو لە فەرەنساش هەبووە، بۆیە ئەو پەیوەندییەی لە ساڵانی شەڕی دژ بە داعشدا دروست بوو، “پێویستی بە بۆنەیەکی هێمایی و گرنگی لەم شێوەیە بوو.”

کونسوڵی فەرەنسا مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و گەلی کوردی بیرهێنایەوە و وتی: “پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و گەلی کورد چەندین دەیە لەمەوبەر دەستی پێکردووە، بەشداریی دانیێل میتران و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ رێگرتن لە چەوساندنەوەی بزووتنەوەی کوردی، بەردی بناغەی گفتوگۆکانمان بووە”.

ئەو وتیشی، ئێستا لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانداین کە “زۆر چالاک و دینامیکییە” و فەرەنسا دەیەوێت ئەم پەیوەندییە لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنییەوە بۆ بواری پەروەردە، رۆشنبیری و ئابووریش فراوان بکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا، یان برایم ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی لە هەرێمی کوردستان کرد و وتی: “بوون بە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لێرە بەڕاستی نیعمەتێکە، بەهۆی ئەو پەیوەندییە قووڵ و دۆستانەیەی لە نێوان گەلی کورد و فەرەنسادا هەیە، ئەمە پەیوەندیی گەل بە گەلە و من لە هەموو شوێنێک پێشوازیم لێ دەکرێت.”

هەروەها باسی لەوە کرد کە چێژ لە گەشتکردن بۆ شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ و ئامێدی وەردەگرێت، چونکە لەوێ “هەست بە بەهێزیی پەیوەندییەکانمان دەکەم.”

فەرەنسا داوا دەکات هەموو وڵاتان دان بە دەوڵەتی فەڵەستی...

فەرەنسا داوا دەکات هەموو وڵاتان دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن