بەتێکرا بانکی ناوەندی لەم مانگەدا رۆژانە 126 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە
لە 16 رۆژدا ملیارێک و 166 ملیۆن دۆلار براوەتە دەرەوەی عێراق
964+
فەرمان سادق
لەم مانگەدا بانکی ناوەندی زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری فرۆشتووە کە سەرووی 55٪ـی بۆ حهواڵه بووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی964، دەرکەوتووە بانکی ناوەندی لەسەرەتای ئەم مانگەدا تاوەکو 23ـی مانگ، تەنیا 16 رۆژ دۆلاری فرۆشتووە.
لەم 16 رۆژەدا، دوو ملیار و 28 ملیۆن و 58 هەزار و 194 دۆلاری فرۆشتووە.
بەپێی داتاکانی رۆژانەی فرۆشتنی دۆلار بێت کە تۆڕی964 لە ماڵپەڕی بانکی ناوەندی وەریگرتووە و کۆی کردۆتەوە، لەو دوو ملیار دۆلارە، ئەوا ملیارێک و 166 ملیۆن دۆلار و 259 هەزار و 284 دۆلاری بە حهواڵه خستۆتە بازاڕ و تێکڕای چووەتە دەرەوەی عێراق، هەرچی فرۆشی ناوخۆی عێراقیشە کە خراوەتە بازاڕی بۆرسەکانی عێراق و کوردستان، تەنیا 861 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بووە.
بانکی ناوەندی لە 16 رۆژدا دوو ملیار و 28 ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی964 بێت، رۆژانی 3 و 4، 10 و 11، 16 و 17 و 18ـی ئەم مانگە، بانکی ناوەندی دۆلاری نەفرۆشتووە، هاوکات لە 2ـی ئەم مانگە کەمترین دۆلاری فرۆشتووە کە بڕەکەی 65 ملیۆن و 492 هەزار و 120 دۆلار بووە، هەروەها زۆرترین بڕیش لە 12ـی ئەم مانگە بووە کە 305 ملیۆن و 406 هەزار و 95 دۆلار بووە.
بانکی ناوەندی لە 12ـی مانگ زۆرترین و 2ـی مانگ کەمترین دۆلاری فرۆشتووە
تۆڕی964 لەبەدواداچوونەکەی ئەوەشی ئاشکراکرد کە 5ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندی کەمترین دۆلاری حهواڵهی دەرەوە کردووە کە 24 ملیۆن و 759 هەزار و 17 دۆلار بووە، هەروەها زۆرترینەکەشی 257 ملیۆن و 506 هەزار و 95 دۆلار بووە لە 12ـی ئەم مانگە بۆ دەرەوە.
هاوکات لەبارەی فرۆشتنی دۆلاریش بۆ ناوخۆی عێراق و کوردستان، ئەوا لە 15ـی ئەم مانگە 114 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری فرۆشتووە کەزۆرترین بڕ بووە، هەروەها کەمترینەکەشی 25 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار بووە.