بۆ 70% کەمی کردووە

سەرما و بەراز ترێیان لە گوندی بێگەڵاس نەهێشت

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەفرەکەی سەرەتای بەهاری ئەمساڵ و زیادبوونی رێژەی ئاژەڵی بەراز، بەرهەمی ترێی ئەمساڵی جوتیارانی پشدەر و بەتایبەتر گوندی بێگەڵاسیان بە رێژەی 70% کەم کردووە.

تەنیا ئەو رەزوباخی ئەو جوتیارانە نەبێ، کەوتوونەتە ناوچە سارد و کوێستانەکانەوە، بڕێک بەرهەمیان هەیە بەهۆی ئەوەی درەختەکان درەنگتر چرۆیان کردووەو شین بوون بەراود بە گەرمەسێرەکان.

محەمەد جەعفەر، جوتیارێکی سنورەی گوندی بێگەڵاسە لەپشدەر بە 964ـی وت، ئەمساڵ بەرهەمی ترێ لەگوندەکەماندا وەک پێویست بوونی نیە، لە سەرەتای بەهاردا کاتێک مێوەکانمان چرۆیان کردبوو نزیکەی 15سانتمەتر بەفر باری، زۆرینەی درەختەکان سەرما لێی داون، ئەو بەرهەمەی پێوەی بووە لەناو چووە، لەناوچە کوێستانەکانیش بەهۆی ئەوەی هەوایەکەی ساردە مێوەکان چرۆیان نەکرد بوو درەنگتر شین دەبن.

بۆیە ئەمساڵ تەنیا لەناوچە کوێستانەکان بەرهەمی ترێ هەیە و لەناوچە گەرمەسێرەکان کیلۆیەک ترێ دەست ناکەوێت، ئەوەشی هەبوو بەراز خواردی و جوتیاران بێ بەرهەم بوون.

بەراورد بەساڵانی رابردوو بەرهەمی ترێ لەگوندەکەیان %70 زیاتر کەمبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ تێکچونی ژینگە و بۆ زیادبوونی رێژەی بەراز دەزانن، چونکە ساڵ بۆ ساڵ رێژەی بەراز زیاد دەکات و لەسەر باخ و کشتوکاڵەکانی ئەوان دەژین و جوتیارانی سنورەکەیان هەراسان بوون پێیانەوەو زیانیان زۆرە.

گوندی بێگەڵاس ناوبانگی بەترێی رەش، وە قەبارەی گەورەی هێشووە ترێکان و شیرینی پڕئاو دەرکردووە، ساڵانە بەرهەمی باشیان هەیە و جگە لە ناوخۆ، ترێ بۆ شارەکانی تریش دەنێرن، محەمەد جەعفەر جوتیارەکەی گوندی بێگەڵاس وای وت.

بەپێی ئاماری کشتوکاڵی پشدەر، لە گوندی بێگەڵاس نزیکەی 500 دۆنم زەوی رەز و باخە، هەر دۆنمێکیش یەک تۆن و نیو ترێی هەیە و کۆی بەرهەمی ساڵێکی گوندەکەش زیاترە لە 700 تۆن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

زیاتر لە%50ـى زەوییە بەراوییەکانى ئیدارەى راپەڕین ئاوی...

زیاتر لە%50ـى زەوییە بەراوییەکانى ئیدارەى راپەڕین ئاویان پێناگات

له‌ راپەڕین دانانی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزە...

له‌ راپەڕین دانانی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر له‌ زیادبووندایه‌