پێشمەرگە لە ناو دڵی پاریسدا
رێکەوتێکی سەیر.. دوای 33 ساڵ شاهیدێک بەسەر قوربانیدانی کوردەوە
ژووری هەواڵ
ئەو کاتەی لە مانگی ئایاری 1992 پارکی ئۆندرێ سیترۆین لە پاریس کرایەوە هەرێمی کوردستان لە ئامادەکاریدا بوو بۆ یەکەم هەڵبژارنی پەرلەمانی، دۆخی تەمومژاوی ئەو سەردەمە هیچ دڵنیایی نەدەدا ئاخۆ ئەم قەوارەیە بەردەوام دەبێت یا نا، بەڵام ساڵانی دواتر ناوی کورد و هەرێم و پێشمەرگە گەیشت بە هەموو دنیا و دوای 33 ساڵ لە هەمان پارک یەکێک لە رێڕەوە دیارەکان بەناوی پێشمەرگەوە ناونرا.
پارکی ئۆندرێ سیترۆین یەکێکە لە پارکە هەرە دیارو بەرچاوەکانی پاریس، رووبەرەکەی 140 هەزار مەتر دوجایەو دەکەوێتە دەستەچەپی رووباری (سین) لە بازنەی 15ی پاریس، تەنیا 2.7 کیلۆمەتر لە تاوەری بەناوبانگی ئیڤڵەوە دوورە، لە مێژووی کردنەوەی پارکەکەدا نوسراوە (مانگی ئایاری 1992) کراوەتەوەو ئەو دەمەش گەورەترین پارک بووە کە لە سەد ساڵی پێش خۆیدا لە پاریس کرابێتەوە، مانگی ئایاری 1992 ئەو مانگەیە کە لە رۆژی نۆزدەهەمیدا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
رێڕەوی پێشمەگە لە ناو پارکەکە وەک وەفایەک دیاریکراوە بۆ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە، بەتایبەتی کە لە ساڵانی شەڕی داعشدا پێشمەرگە بووە هێمای بەرخۆدان و رووبەڕووبوونەوە.
ئەمڕۆ هەینی 05.09.2025 لە ناو دڵی پاریسدا، بارزانی بە جلەکوردییەکانیەوە چاودێری رێورەسمی کردنەوەی رێڕەوەکەی کرد و هەر خۆیشی پەردەی لەسەر ئەو تابلۆیە لابرد کە لەسەری نوسرابوو ”رێڕەوی پێشمەرگە.. وەک رێزلێنانێک بۆ جەنگاوەرە کوردەکان”.
وەک وەفایەک بۆ پێشمەرگە بارزانی لەکاتی لادانی پەردەی سەر تابلۆکە (سەلمان فەرمان)ی تەنیشت خۆی دانابوو، ئەمە ئەو پێشمەرگەیەیە کە لە شەڕی داعش برینداربوو نیوەی جەستەی لەکار کەوت، لەو کاتەوە نازناوی ”شەهیدی زیندوو”ی لێنراوە.
هەر دوای ئەوە بارزانی وتارێکی پێنج خولەکی پێشکەش کردو دڵخۆشی خۆی دەربڕی بۆ ئەو بۆنەیە، لە بەشێکیدا وتی ”رۆژێکی خۆشە و دەرفەت بوو کە ئێمە زۆر دۆستی خۆشەویستی خۆمان ببینینەوە، پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجام دا، بەڵام ئەم رێزلێنانەی ئەمڕۆ ئێوە بۆ پێشمەرگەتان کرد، رێزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە و بۆ دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و کوردستان.. جەخت لەوە دەکەمەوە کوردستان هەموو کات شوێنی پێکەوەژیان دەمێنێت، پێشمەرگە هەمووکات پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت. لە شەڕی داعشدا 11 هەزار پێشمەرگە بوونە قوربانی وەکو شەهید و بریندار، بەڵام سەروەرییەکی گەورەیان بۆخۆیان و گەلەکەیان تۆمار کرد’‘.
لە کۆتایی وتارەکەشی وتی ”ئەمە رۆژێکی مێژووییە بۆ من و هەتا ماوم لە بیرم ناچێت”، هەر ئەوەندەی قسەکانی تەواوکرد ئامادەبووان هەستانە سەرپێ و چەپڵەیان لێدا، لە ناو ئەوانەشدا چەند دەنگێک هاواریان کرد ”هەربژی”.
لەناو پارکە بەناوبانگەکەی پاریس ئاڵای کوردستان لە ریزی ئاڵاکانی فەرەنساو عێراق و یەکێتی ئەوروپا دەشەکایەوە، ئەو کوردانەش کە لەوێ بوون و لە دیمەنی کامێراکاندا دەردەکەوتن بە رووخساریانەوە دیاربوو چەند دڵخۆشن، کاتێکش شڤان پەروەر چووە لەوێ گۆرانییە بە ناوبانگەکەی ”واهاتن پێشمەرگێ مە”ی وتەوە، ئەوەی گۆرانییەکەی دەزانی بە چەپڵەلێدان بە دەنگی بەرز لەگەڵی دەوتەوە.
دەقی تەواوی وتارەکەی بارزانی:
بە ناوی خودای گەورە
جەنابی خاتوون ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانیی پاریس بە دڵ سوپاسی تۆو ئەنجوومەنی شارەوانی پاریس و سەرۆکی شارەوانی 15ـی پاریس دەکەم، بۆ رێکخستنی ئەم بۆنە گرنگ و مێژووییە.
ئەمڕۆ لە مێژووی گەلی کوردستاندا رۆژێکی مێژووییە، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، بەردەوام هەڵوێستی مرۆڤانە و دۆستانەی هەبووە بەرامبەر گەلی کوردستان.
هەر لە کاتی ژەنەراڵ (دیگۆڵەوە) تاوەکو ئێستا، هەموو کات فەرەنسا پشتیوان بووە بۆ دۆزی گەلی کوردستان و یەکەم وڵات بووە لەنێو ئەوروپا کە رێگە بدات ئینستیتیوتێکی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە و لێرەدا منیش دەنگی خۆم دەخەمە سەر دەنگی تۆ و زۆر سوپاسی کاک کەنداڵ و ئینستیتیوتی کوردی دەکەین، بۆ ئەم خزمەتە مەزنە کە بە خەڵکی کوردستانی کردووە، بۆ نزیکبوونەوە و دۆستایەتی لەنێوان هەر دوو گەلی کوردستان و پاریس.
رۆژێکی خۆشە و دەرفەت بوو کە ئێمە زۆر دۆستی خۆشەویستی خۆمان ببینینەوە، پیشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجام دا، بەڵام ئەم رێزلێنانەی ئەمڕۆ ئێوە بۆ پێشمەرگەتان کرد، رێزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە و تەتویجە بۆ دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و کوردستان.
جەخت لەوە دەکەمەوە کوردستان هەموو کات شوێنی پێکەوەژیان دەمێنێت، پێشمەرگە هەمووکات پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت، لە شەڕی داعشدا 11 هەزار پێشمەرگە بوونە قوربانی وەکو شەهید و بریندار، بەڵام سەروەرییەکی گەورەیان بۆخۆیان و گەلەکەیان تۆمار کرد.
ئەمڕۆ لە پاریس شوێنێکی لەو شێوەیە گرنگ بە ناوی پێشمەرگە دەکرێت، باخچەیەک بە ناو پێشمەرگە دەکرێت، ئەوە رێزلێنانێکی زۆر گەورەیە و بە دڵنیاییەوە دەڵێم، تاوەکو کوردێک مابێت، سوپاسگوزاری گەلی فەرەنسا دەبین و سوپاسی شارەوانیی پاریس دەکەین.
جێگەی خۆشحاڵییە هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسا نەگۆڕدراوە بەرامبەر پرسی گەلی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئێمە چەند گۆڕانکاریمان بینی، سەرۆک چوون و سەرۆک هاتن، بەڵام هەڵوێستی فەرەنسا نەگۆڕدرا، هەڵوێستێکی دۆستانەی بەرامبەر گەلی کوردستان هەیە.
یەکەم سەرۆکی ئەوروپی سەرۆک میتران، یەکەم سەرۆک بوو کە سیاسییەکی کورد ببینێت، ئەویش ساڵی 1992 بوو و پێشوازی لە من کرد، ئەمە بۆ من سەربەرزییەکی گەورە بوو، یەکەم خانمی ئەوروپیش یان کەسێکی ئەورووپی کە من بینیم فرمێسک بۆ قوربانی گەلی کوردستان بڕژێت، مادام میتران بوو ساڵی 1989، ئەمەمان هیچ کات لە بیر نەچێت.
فەرەنسا و پاریس و گەلی فەرەنسا لە دڵی گەلی کوردستاندان، بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتی گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان، جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبن و پێشمەرگە بەشێکی فەرمییە لە دامەزراوەی بەرگریی عێراقی و بەرگری لە هەموو عێراق دەکات دژی تیرۆریستان، پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەرکی خۆی کە لەبری هەموو جیهان دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات، ئەمە شەرەفێکی مەزنە بۆ پێشمەرگە، لێرەوە سوپاسی ئەو پێشمەرگانە دەکەم و سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگانە دەنێرم.
جارێکی دیکە زۆر سوپاس بۆ هەمووان، زۆر رۆژێکی مێژووییە و بۆ من رۆژێکە کە تاوەکو مابم، لەبیرم ناچێتەوە.