گۆڕانکارییەک کە مشتومڕی زۆری لێدەکەوێتەوە
ترەمپ دەیەوێت ناوی “وەزارەتی بەرگری” بکاتە “وەزارەتی جەنگ”
964+
ژێوار خدر
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، پلانی هەیە بڕیارێکی نوێ دەربکات و ناوی “وەزارەتی بەرگری” بگۆڕێت بۆ “وەزارەتی جەنگ”، بەرپرسێکی کۆشکی سپیش وتویەتی، ئەم هەنگاوە دەبێتە مۆرکی ترەمپ بەسەر گەورەترین دەزگای حکومەتدا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، زانیارییان لە کۆشکی سپییەوە دەستکەوتووە، کە بەپێی ئەم بڕیارە، وەزیری بەرگری، پیت هێگسێث و کاربەدەستەکانی دیکە دەتوانن دەستەواژەکانی وەک “وەزیری جەنگ” و “وەزارەتی جەنگ” لە نووسراوە فەرمییەکان و قسەکانیاندا بەکاربهێنن و داواش لە هێگسێث دەکرێت کە پێشنیاری یاسایی بکات بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە ببێتە هەمیشەیی.
ترەمپ لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە هەوڵی داوە ناوی چەندین شوێن و دامەزراوە بگۆڕێت، لەوانەش گۆڕینی ناوی ئەو بنکە سەربازییانەی کە ناوی سەرکردەکانی کۆنفیدڕاڵییان لەسەر بوو، کە پێشتر لەلایەن جۆ بایدنەوە گۆڕدرابوون.
ناوی وەزارەتی بەرگری لە ساڵی 1949 گۆڕدرا پێشتر وەزارەتەکە بە “وەزارەتی جەنگ” ناودەبرا، ئەوەش دوای جەنگی جیهانی دووەم روویدا، هۆکاری گۆڕانکارییەکە ئەوە بوو کە نیشانی بدات ئەمریکا لە سەردەمی چەکی ئەتۆمیدا گرنگی بە رێگریکردن لە جەنگەکان دەدات.
گۆڕینی ئەم ناوە پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس هەیە و زۆر پارەی تێدەچێت، چونکە دەبێت هەموو تابلۆ و نووسراو و کارە ئیدارییەکان لە پەنتاگۆن و هەموو بنکە سەربازییەکانی جیهاندا بگۆڕدرێن، سیناتۆر تامی داکوۆرت، کە دیموکراتە و ئەزموونی سەربازی هەیە، رەخنەی لەم هەنگاوە گرتووە و دەڵێت ئەمە تەنیا خەرجکردنی پارەیەکی زۆرە و کێشە بۆ پەنتاگۆن دروست دەکات.