لە هەولێر
رووداوێکی هاتوچۆ رۆحی لە منداڵێک سەندەوە
964+
رێباز خدر – هەولێر
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.9.2025، لە گەڕەکی هەڤاڵان لە شاری هەولێر، منداڵێک دەکەوێتە ژێر ئۆتۆمبێلێک و دواتر گیان لە دەستدەدات، باوکی دەڵی پێش ئەوەی بەخاکی بسپێرین لە شۆفێرەکە خۆشبووین.
دادیار خەلیل خالید، ئەو منداڵە تەمەن حەوت ساڵەیە کە لە روداوەکە گیانی لەدەست داوە.
خەلیک خالیدی باوکی منداڵەکە باس لەوە دەکات، کە رووداوەکە لەلایەن شۆفێرێکی ژنەوە روویداوە خۆی کێشاوە بە منداڵەکەم، دوای ئەوەی ژنە شۆفێرەکە دەیگەیەنێتە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی دادەنرێت، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم گیان لە دەست دەدات.
منداڵەکە باخچەی ساوایانی تەواو کردبوو، بڕیار بوو ئەمساڵ بچێتە قوتابخانە لە پۆلی یەک ببێتە قوتابی، بەڵام مەرگ رێگای نەداو گیانی سپارد.
باوکی دادیا رێنمایی شۆفێران دەکات و دەڵێ، کاتێک دەچنە ناو ئۆتۆمبێل ئاگاداربن، با هیچ باوکێکی دیکە وەک ئەوەی جەرگی هەلا هەلا نەبێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا