سبەی پێنجشەممە

لەگەڵ یادی مەولود کوردانی ئێزدیی جەژنی جەما بەڕێوەدەبەن

964+
ئەحمەد مستەفا

سبەینێ پێنجشەممە لەگەڵ یادی لە دایکبوونی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و لە هەرێمی کوردستان، لە مەزارگەی شەرفەدین لە ناوچەی شنگال، کوردانی ئێزدی رێوڕەسمی جەژنی جەما بەڕێوەدەبەن و بە سەدان کەس بەشدارن لە رێوەڕەسمەکەدا.

مەزارگەی شەرەفەدین، یەکێکە لە ناسراوترین و دیارترین مەزارگەکانی کوردانی ئێزدی کە دەکەوێتە بناری چیای شنگال و کەسایەتیەکی دیاری ئێزدییەکانە.

مەروان داود، چالاکوانی ئێزدی لە شنگال بە 964ی وت، گەلی ئێزدی هەڵگری چەندین تایبەتمەندی و نەریتی رەسەنی خۆیەتی، لە مێژووی خۆشیاندا دووچاری چەندین هێرش و کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، ئەمساڵ وا رێکەوتووە، لەگەڵ یادی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) کوردانی ئیزدیش، ئەو بۆنە ئاینییەیان یاد دەکەنەوە.

ئێزدیەکان لە هەر شوێنێک بژین و بە هەر زمانێک بدوێن، هەوڵدەدەن کلتور و نەریتی خۆیان بپارێزن و لەسەری بژین، یەکێک لەوانەش ئەمڕۆژەیە کە بە جەژنی جەمای شەرەفەدین دەناسرێت.

کاتێک لە تەمووزی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال، بەشێکی زۆری ئێزدییەکان توانییان ئەو مەزارە بپارێزن لە دەستی داگیرکاری و تێکدان، کە زیاتر لە 10 هێرشی کرایە سەری و شکستی پێ هێنرا، ئەم مەزارگەیە ئێستا یەکێکە لە پەرستگا بەنێوبانگەکانی جیهان و ئەمساڵیش بە گەرموگوڕییە جەژنەکەی تێدا سازدەکرێت.

جەژنی جەما چییە؟

واتای کۆبونەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەگەیەنێت، ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئابەوە لە شەرەفەدین و بە ئامادەبوونی هەزاران ئێزدی دەستپێدەکات.

لەم رۆژەدا هەرکەسەو خێرێک و قوربانییەک لەبەردەم مەزارگەی شەرەفەدین پێشکەش دەکات و کچ و کوڕان لەبەردەمی دەهۆڵ و زوڕنای تایبەتی ئێزدییان، ئاهەنگ دەگێڕن و هەر لەو رۆژەدا خوانی جەژنەکە دەخورێت.

ئەم جەژنە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژی یەکەم ئامادەکارییە بۆ جەژنەکە، رۆژی دووەمیش مەراسیمی ئایینیە، لە ساڵنامەی ئێزدیاندا، لە سەرەتای ئەم مانگەوە جەژنی جەما لە شنگال پیرۆز دەکرێت.

ئه‌مڕۆ له‌ناو ئێزدییه‌كاندا باس باسی له‌ناوچوونى دا...

ئه‌مڕۆ له‌ناو ئێزدییه‌كاندا باس باسی له‌ناوچوونى دارێكی پیرۆز بوو

هەولێر خۆی بۆ یادی مەولود ئامادە دەکات

هەولێر خۆی بۆ یادی مەولود ئامادە دەکات