لۆگۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان - گرافیک: 964
یەكێكیان گەڕاندەوە
10 كاندیدی دیكەی هەڵبژاردنی عێراق دوورخرانەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، 10 كاندیدی دیكەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقی دوورخستەوە و یەكێكی دوورخراوەشی گەڕاندەوە.
كۆمیسیۆنەكە ئەمڕۆ 3.9.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، 10 كاندید بەهۆی جێبەجێنەكردنی رێنماییەكانی هەڵبژاردن دوورخرانەوە، كە ناوەكانیان بە محەمەد كازم مراد دەستپێدەكات و بە عامر سوبحی نسەییف كۆتایی دێت.
كۆمیسیۆنەكە هۆكاری دووخستنەوەی هەر 10 كاندیدەكەی دیاریی كردووە، كە زۆربەیان بەهۆی كەموكوڕییە لە بڕوانامەی خوێندن، لەگەڵ پڕنەكردنەوەی بەڵێنامەی كەسی و رەوشتە.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەروەها رایگەیاند، كاندید عومەر جەبر خەلیل مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن بۆ گەڕێندرایەوە، دوای نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ، كە بابەتەكەی پەیوەست بووە بە دەستەی دەستپاكی.
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تا رۆژی 31.8.2025 (647) كاندیدی دوورخستبووەوە و 10ی كەسی دیكەی ئەمڕۆشی هاتەسەر و تا ئێستا 657 كاندیدی و رەنگە زیاتریشی دوورخستووەتەوە.
بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.