شاخی بەستەڵەكی A23a خەریكە دەتوێتەوە
جەمسەری باشوور
شاخێكی گەورەی بەستەڵەک خەریكە دەتوێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شاخێکی زەبەلاحی بەستەڵەك، کە 39 ساڵ لەمەوبەر لە كیشوەری جەمسەری باشوور دابڕا، خەریكە لە ئاوە گەرمەکاندا دەتوێتەوە، كە بە پێی وتەی زاناكان ماوەیەك لەمەوبەر گەورەترین شاخی بەستەڵەكی جیهان بوو.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، شاخە بەستەڵەكەكە، کە ناوی A23a بوو، کێشی نزیکەی تریلیۆن تۆن بوو، رووبەرەکەی نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو، بە جۆرێك رووبەرەکەی 50% لە لۆکسمبۆرگ گەورەترە.
بەڵام لەگەڵ رۆیشتنی بەرەو باکوور بەرەو ناوچە ساردەکانی زەریای باشوور، پارچە گەورەکانی پچڕان.
ئێستاش رووبەرەکەی 1770 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پانییەکەی تا 60 کیلۆمەتر دەبێت.
ئەندرۆ مەیجەرز، زانا لە بواری ئۆقیانووسەكان لە رێکخراوی رووپێوی جەمسەری باشووری لە بەریتانیا دەڵێت: پێم وایە گەیشتووەتە کۆتایی پەتەکەی، لە رەگەوە دەستی بە توانەوە کردووە، پلەی گەرمی ئاوەکە ئەوەندە گەرمە کە ئیتر شاخەكە بەرگە ناگرێت و دەتوێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکات لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەم رەوشەی شاخەكە بەردەوام بێت و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ناتوانن بیناسنەوە.
A23a لە ساڵی 1986 لە کیشوەرەکە جیابووەوە پێش ئەوەی لە دەریای وێدێلدا جێگیر ببێت، لەوێشدا بۆ زیاتر لە سێ دەیە لە بنی زەریاکەدا خۆی راگرتبوو، بەڵام لە ساڵی 2020دا جارێکی دیکە کەوتە جوڵە و وەک شاخەکانی تری سەهۆڵ بەرەز جەمسەری باشووری بەهێزەوە جوڵەی كرد.
دواتر جارێکی دیکە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ گەیشتە نزیک جۆرجیای باشوور، کە دوورگەیەكی بەریتانیایە لە باشووری زەریای ئەتڵەسیدا، كە مەترسی هەبوو شاخەكە مەترسی لەسەر ژیانی پەنگوین و شێرە دەریاییەکان دروست بکات.
بە قسەی مێجەرز، شاخە بەستەڵەكەكە گەشتەکەی بە پەڕینەوە لە دوورگەکەدا تەواو کرد و خێراییەکەی زیاتر بوو، چونکە شەپۆلی بەهێز و ئاوی ساردی زەریاکان لێی دەدا، بۆیە زانایان لە تەمەندرێژی و خۆڕاگری ساخەكە سەریان سوڕما بوو .
مێیجەرز دەڵێت: زۆربەی شاخە بەستەڵەكەكان ناگەنە ئەم ئاستە، ئەوان مەحکومن بە نەمان” کاتێک لە کەشوهەوای پارێزراوی جەمسەری باشوور دووردەكەنەوە.
دروستبوونی شاخی بەستەڵەك پرۆسەیەکی سروشتییە و زاناکان پێیان وایە رێژەی دروستبوونی شاخی بەستەڵەك لە كێشوەری جەمسەری باشوور زیادی کردووە، پێدەچێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بە هۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە بێت.