"تا 800 هەزار دەڕوات"

نرخى زێڕ بەرزتر بووەوە

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

تادێت نرخى زێڕ بەرز دەبێتەوە، زێرەنگەرانیش پێشبینى دەکەن مسقاڵێکى عەیار 21 تا 800 هەزار دینار بڕوات.

بەرزبوونەوەى نرخى زێڕ پڕۆسەى هاوسەرگیرى خاوکردووەتەوە

بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، نرخى یەک مسقاڵ زێڕ عەیار 21 بە 698 هەزار دینارە و رۆژ بەڕۆژیش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

هیمداد پەرکان، زێڕەنگەرێکى شارى هەولێرە و قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”ئەمریکا گرەوى کردووە لەسەر نرخى سوو، ئەوەش واى کردووە نرخى زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، لە یەک مانگدا نرخى هەر مسقاڵێک زێڕى عەیار 21 نزیکەى 40 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.

ئەو زێڕەنگەرە، پێشبینى دەکات، تا کۆتایى ئەمساڵ نرخى یەک ئۆنسە زێڕ بگات بە چوار هەزار دۆلار، بەمەش یەک مسقاڵى بەرز دەبێتەوە بۆ 800 هەزار دینار.

بەرزى نرخى زێڕ گەنجانى گرفتار کردووە، ئەوانەى بەتەماى ژنهێنان قوربانى سەرەکین، چونکە بەو نرخەى ئێستا تواناى کڕینى زێڕى زۆریان نییە، وەک ئەوەى ئەو زێڕەنگەرەش باسى دەکات، جاران زاوا 30 بۆ 40 مسقاڵى بۆ بوکەخان دەکرد، بەڵام ئێستا 5 مسقاڵ و دوو مسقاڵ و زۆر زۆر بکات دەگاتە 15 مسقاڵ.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح

خەڵک روویان لە کڕینی زیوو کردووە و لە زێڕ زۆر هەرزانترە

خەڵک روویان لە کڕینی زیوو کردووە و لە زێڕ زۆر هەرزانترە