"بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ئاسانکاری زۆر دەکات"
تابلۆی ژمارە هەولێر رەونەقی زۆرە؛ دانیشتووانی خوارووی عێراق حەزیان لێیەتی
رێباز خدر – هەولێر
رۆژانە کریارێکی زۆر لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە روو لە هەولێر دەکەن، زۆربەی هەرە زۆریان تابلۆی پایتەختیان بەدڵە، وەریدەگرن و خێرا لە ئۆتۆمبێلەکانیان دەبەستن.
“مامەڵە و بەناوکردنی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر خێرایە و بەکاتێکی کەم ژمارەکە دەکەن بەناو خۆتەوە، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سێ بۆ چوار رۆژی دەوێ، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی تابلۆی هەولێر خواستی زۆری لەسەر بێت”، سیراج موسا بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە کۆمپانیای نەهجل عێراق ئەم قسەیەی بە 964ـی وت.
وتیشی، لە بازگەکان و رێگاکانی گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی عێراق هیچ کێشەیەک بۆ ئەو کەسانە دروست نابێت کە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان ژمارە هەولێرە.
رەنین باسل خەڵکی بەغدایە و دانیشتووی هەولێرە، ئەویش قسەکەی سیراج موسای پشتڕاستکردەوە و وتی، “ئاسانکاری تەواو لە هاتوچۆی هەولێر وایکردووە کە من لێرە ئۆتۆمبێل بکڕم و تابلۆی هەولێر وەربگرم، هیچ گرفتێکیشم نییە کاتێک بۆ سەردان دەچمەوە بەغدا”.
چەند ساڵێکە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بە سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو کارەکانی هاوڵاتیان رایی دەکات و ئەگەر قەرەباڵغ نەبێ، بە نزیکەی دوو کاتژمێر، دەتوانی تابلۆی ئۆتۆمبێلی تایبەتی ژمارە هەولێر وەربگریت، بەو مەرجەی هیچ کەموکوڕییەک لەو پێداویستیانە نەبێت کە پێویستن بۆ بەناو کردن و تۆمارکردن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری