"بڕینی 10 کیلۆمەتر پێویستی بە زیاتر لە کاتژمێرێکە "
رێگای نێوان چیمەن بۆ قەرەهەنجیر قەرەباڵەغییەکی زۆری بۆ دروست بووە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لەسەر رێگای کەرکوک بۆ سلێمانی و بە دیاریکراوی لە نێوان ناحیەکانی چیمەن و قەرەهەنجیر قەرەباڵەغیەکی زۆری شۆفێران دروستبووە، شۆفێرێک دەڵێت “بۆ بڕینی 10 کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکمان پێویستە بۆ ئەوەی قەرەباڵەغییەکە تێپەڕێنین”.
مۆفەق محەمەد قادر شۆفێری بارهەڵگرە بە 964ـی وت، زیاتر لە یەک کاتژمێرە بە ئۆتۆمبێلێکی بەتاڵ لەسەرەی ئۆتۆمبێلەکان وەستاوە، دەڵێت کێشە نیە با پشکنین بکرێت بەڵام “هیچیان تێدا بەسەر نییە تەنیا پارە خواردنە لە بارگەکان”.
وتیشی “رۆژی وا هەبوە لە کاتژمێر پێنجی بەیانی تاوەکو پێنجی ئێوارە راوەستاوم تەنیا بۆ ئەوەی بارەکەم بگەیەنمە کەرکوک”.
ساڵح مەجیدیش هاوڵاتییەکە بە 964ـی وت، رۆیشتووم بۆ موچە وەرگرتن و وەریشم نەگرتووە،ئێستا لەناو ئەم قەرەباڵەغیە گیرمان خواردووە و کەسیش پێمان ناڵێت هۆکارەکەی چیە”.
بە پێی بەدواداچونی 964 هۆکاری قەرەباڵەغێکە دەگەرێتەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی نێوان چیمەن و قەرەهەنجیر، هۆکاری راوەستانی ئۆتۆمبێلەکانی بارهەڵگر لە جاوەڕوانی ئەنجامدانی سۆنەریش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی رۆژانە لەکاتژمێر 6:00ـى بەیانی تاوەکو 8:00ـى بەیانی هێڵی ئەنتەرنێت رادەگیرێت بەهۆی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی ویزاری.
ئاسایشی نیشتیمانیش لە ناو بازگەکان داوای نوسراوی سۆنەر دەکات لە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی چەو ولم، لە کاتێکدا بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە پێویستیان بە ئەنجامدانی سۆنەر نیە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن