ستار عەبدوڵا

شێخی بێژەرانی كوردستان لە تەمەنی 84 ساڵیدا ماڵئاوایی كرد

964+
كاروان ساڵحی-كەركوك

شێخ ستار عەبدوڵا بێژەر و پێشكەشكار و وەرزشوانی دێرینی شاری كەركوك و كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە تەمەنی 84 ساڵی و دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، گیانی سپارد.

ستار عەبدوڵا لە ساڵی 1941 لە دایک بووە، دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەكات دەبێـت بە مامۆستای وەرزش لە یەكێك لە گوندەكانی دەرەوەی كەركوك، لە ساڵی 1971 وەک بێژەر و كۆمێنتاری وەرزشیی كوردی لە كەناڵی كەركوك لە هەشتاكان، دەستبەكار دەبێت و بۆ ماوەی 24 ساڵ بەردەوام بوو.

حوسێن عەلی بەرپرسی راگەیاندنی نوێنەرایەتیی كەركوكی لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق، بە 964ـی وت، شێخ ستار یاریزانی تۆپی بالە بووە و یاری بۆ هەڵبژاردەی پەروەردەكان كردووە، دواتر بووەتە راهێنەری تیپی بالەی هەڵبژاردەی قوتابخانەكان، لە ساڵی 1969 بووە یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەرانی یانەی وەرزشی سۆلاف و پاشان دەبێـت بە سەرۆكی یانەكە.

شێخ ستار ماوەیەك راوێژكاری لقی كەركوكی لیژنەی ئۆڵمپیی عیراق بووە و بە شێخی وەرزشكاران دەناسرێت، هەروەها لە دوای ساڵی 2003 دەبێت بە ئەندامی نوێنەرایەتیی كەركوكی لیژنەی ئۆڵمپی كوردستان.

حوسێن عەلی وتیشی شێخ ستار چەند ساڵێكە بە هۆی هەڵكشانی تەمەن و نەخۆشی درێژخایانەوە لە ماڵەوە كەوتبوو، تادواجار ئەم ئێوارەیە دنیای جێهێشت و ماڵئاوایی لە وەرزش و میدیا و كەسوكار و دۆستانی كرد.

شێخ ستار لە كەركوك بە تایبەتی پایەكی بڵندی وەرزشی بووە و لە كۆتایی ساڵی 2022 پەیكەرێكی بۆ دروست كرا و لە باره‌گای نوێنه‌رایه‌تی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كه‌ركوك دانراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

په‌یكه‌رێك بۆ شێخی وه‌رزشوانانی كه‌ركوك دانرا

په‌یكه‌رێك بۆ شێخی وه‌رزشوانانی كه‌ركوك دانرا