وەزارەتی پەروەردە وەڵام دەداتەوە
دەرچوویەکی زانکۆ هەڵەی زەق لە کتێبەکانی مێژوودا دەدۆزێتەوە
964+
محەمەد عەلى- راپەڕین
دەشتى عارف- هەولێر
هێدی سمکۆ، دەرچووی بەشی مێژووی زانکۆی راپەڕین، نزیکەی 20 هەڵەی لە کتێبەکانی مێژووی قۆناغەکانی چوارەم، پێنجەم و حەوتەمی بنەڕەتیدا دەستنیشان کردووە و داوای پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن دەکات.
هێدی سمکۆ، کە ساڵی رابردوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوودا بەدەستهێناوە، ئاشکرای کردووە کە لەکاتی خوێندنەوەی کتێبە مێژووییەکانی پۆلەکانی 4، 5 و 7، چەندین هەڵەی جوگرافی، مێژوویی (ساڵ) و رێزمانی تێدا دۆزیوەتەوە.
ئەو بەر لەوەى لە رێگەى 964ـەوە پەیامەکەى بگەیەنێت و داواى راستکردنەوەى ئەو هەڵانە بکات، چووەتە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی راپەڕین، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.
بە وتەی سمکۆ، هەڵەکان لە چاپەکانی ساڵی 2020یشدا بوونیان هەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ماوەی پێنج ساڵە قوتابیان زانیاری نادروست لەسەر مێژوو وەردەگرن.
ئەو رەخنە لە مامۆستایانی مێژووش دەگرێت کە تا ئێستا ئەم هەڵانەیان دیاری نەکردووە و بەردەوام بوون لە وتنەوەی بابەتەکان بە شێوەیەکی هەڵە.
لە پەیامێکیدا لە رێگەی 964ـەوە، هێدی سمکۆ داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات کە پێداچوونەوە و وردبینی بۆ سەرجەم کتێبەکانی خوێندن بکرێت، نەک تەنها مێژوو، تاوەکو زانیاری دروست و بێ کەموکوڕی بگاتە نەوەکانی داهاتوو.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی ئاکۆ سابر، پسپۆڕی مێژوویی لە وەزارەتەکە، لە 964ـەوە وەڵامی ئەو تێبینیانەی دایەوە، وێڕای دەستخۆشی لە هێدی سمکۆ، دڵنیایی دا کە “هەموو سەرنج و رەخنە و راستکردنەوەیەک لە پڕۆگرامەکانی خوێندن، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە کاری لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە بابەتی مێژوو بەهۆی فرەیی سەرچاوە مێژووییەکانەوە، زۆرجار جیاوازی لە بۆچوونەکاندا دروست دەبێت، بەڵام وەزارەت هەمیشە هەوڵیداوە دروستترین زانیاری بخاتە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح