100 دۆلار = 142 هەزار و 300 دینار

دینار و تمەن بەرامبەر دۆلار خۆیان نەگرت و سەربەرەوخوار بوونەوە

شۆڕش قادری

چەند رۆژێکە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و تمەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئەمڕۆش هەر 100 دۆلارییەک بە 142 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، ئەمڕۆ دووشەممە 1.9.2025 هەر 100 دۆلارییەک بە 10 ملیۆن و 400 هەزار تمەن دیاری کراوە بە حەواڵە و بە نەختیش بە نۆ ملیۆن و 800 هەزار تمەن مامەڵەی پێودەکرێت، بەرامبەر دیناریش 100 دۆلار بە 142 هەزار و 300 دینارە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ 100 پاوەن بە 131 بۆ 132 دۆلار لە بازاڕەکانی کوردستان مامەڵەی پێوە دەکرێت و یەک ملیۆن لیرەی سووریش بە 123 هەزار دیناری عێراقییە.

بەپێی زانیارییەکانی 964 لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، ئەمڕۆ بەهای هەر دۆلارێک بۆ نزیکەی 106 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە، واتە 100 دۆلار یەکسانە بە 10 ملیۆن و 600 هەزار تمەن.

بەقسەی کەیفی خۆشناو هۆکاری داڕمانی بەهای تمەن لەم کاتەدا بۆ سەرنەکەوتنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا و ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە.