بەشێک لە کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە ئەرکدا
647 كاندید دوورخراونەتەوە
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: ناچینە ژێرباری هیچ فشارێک و دوورخستنەوەكان بەپێی یاسایە
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند تا ئێستا 647 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەمساڵ دوورخراونەتەوە، جەختیشیان لەوە کردەوە هیچ فشارێکیان لەسەر نییە، دوورخستنەوەكانیش بەپێی یاسا دەكرێن
كۆمیسیۆنەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 21.8.2025 رایگەیاند، “هیچ فشارێکیان لەسەر نییە، بڕیاری دوورخستنەوەی كاندیدەكان بەپێی یاسا دەردەچن”.
لەمبارەیەوە راوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق حەسەن قەبەس، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، تا ئێستا ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دوورخراونەتەوە گەیشتووەتە 647 کاندید، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو کاندیدانەی تا ئێستا بە بڕیاری دادوەری گەڕێندراونەتەوە تەنیا سێ كەسن.
وتیشی، “کۆمیسیۆن هیچ فشارێکی لەسەر نییە و بەپێی یاسا وەک دەستەیەکی جێبەجێکار کار دەکات، لە یاساکەدا هاتووە ناوی کاندیدەکان بنێردرێت بۆ 13 دەزگای وردبینی، لەوانە وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و داد، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری و ئەوانی دیکە”.
راوێژکارەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن روونیشی کردەوە، کۆمیسیۆن پابەندە بە جێبەجێکردنی راسپاردەکانی ئەو لایەنانەی باسکران، هەر كەسێكیش دووربخرێتەوە بەپێی رێکارە یاساییەکان دەبێت.
“هەموو بڕیارەکانی دوورخستنەوە بواری ئەوەیان هەیە تانەی لێبدرێت، هەر کاندیدێکیش پێی وابێت ستەمی لێکراوە، مافی ئەوەی هەیە پەنا بۆ دەزگای دادوەری کارامە ببات”، حەسەن قەبەس وادەڵێت.
هەروەها باسی ئەوەشی كرد، “کاتێک کاندید یان لایەنەکە ئاگادارکرایەوە لە بڕیاری دوورخستنەوەكە، یاساکە ماوەی سێ رۆژی تەرخان كردووە بۆ تۆمارکردنی تانە یان گۆڕینی كەسە لە لایەن حزبەکەیەوە، دەستەی دادوەرییش پابەندە لە ماوەی دە رۆژدا بڕیار لەسەر تانەدانەکە بدات، ئەگەر بڕیارێک دەربچێت بۆ گەڕاندنەوەی کاندیدەکە، ئەوا کۆمیسیۆن دەیانگەڕێنێتەوە بۆ رکابەریی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە خراونەتەڕوو، رەوایی بە دوورخستنەوەكە بدات، ئەوا بڕیارەکە پشتڕاست دەکرێتەوە”.
بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بێتە ئەنجامدان.