غازی زیاتر گلدەدەنەوە بۆ ئەوەی لە زستاندا تووشی ئەزمە نەبن

کارەبای 24 کاتژمێری کارگەکانی غازی لە سلێمانی چالاککردووە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دوای رووناکبوونەوەی سلێمانی بە کارەبای 24 کاتژمێری، کارگەکانی غاز کەوتوونەتە خۆ بۆ ئەوەی غازی زیاتر بۆ وەرزی زستان عەمبار بکەن، چونكە پێیانوایە، بەكارهێنەرانی بۆیلەری غاز لە زیادبووندایە و ئەگەر لە ئێستاوە لە فکری خۆیاندا نەبن، تووشی ئەزمە دەبن.

كۆچەر تاهیر سەرۆكی ئەنجومەنی كارگەكانی غازی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی ئابووری سلێمانیمان ئاگاداركردووەتەوە، كە بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ ناتوانین وەكو ساڵانی پێشوو ئیدارەی غازی ماڵان بدەین، ئەگەر بڕی عەمباركراومان نەگاتە سێ هەزار تۆن، چونكە یەكەم ئەزمونمان دەبێت لەگەڵ سیستمی کارەبای 24 کاتژمێری و بەهۆی کەم بەکارهێنانی کارەبا، خواست لەسەر غاز زیاد دەبێ”.

“پلانەكە بەوجۆرەیە لە ئێستادا كە خواست لەسەر غاز نییە كەمترین بڕ بخەینەڕوو، زۆرترینی لە كارگەكان گل بدەینەوە، ئەگەریش نەتوانین تا سەرەتای مانگی 12ـی ئەمساڵ ئەو بڕەی كە پلانی بۆ دانراوە عەمبار بكرێت و رۆژانە بڕی 125 تۆنمان بەدەست نەگات، تەنیا بۆ سەنتەری سلێمانی، ئەوا بەدڵنییاییەوە رووبەڕووی قەیرانی كەمی غاز دەبینەوە”، کۆچەر تاهیر وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا رۆژانە 105 تۆن غازیان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە بەدەست دەگات، پێشبینیش دەكەن لەگەڵ دەستپێكی وەرزەكە بۆ ناو سەنتەری سلێمانی، رۆژانە 350 تۆن غازیان بۆ پڕكرنەوەی ئاستی بەكارهێنەرانی غاز، پێویست بێت.

سلێمانی خاوەنی 22 كارگەی غازە و توانای بڕی عەمباركراویشیان سێ هەزار تۆن دەبێت، رۆژانەش لە كێڵگەی كۆڕمۆرەوە شەش تانكەری 17.5 تۆن غازییان پێدەگات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

لە سلێمانی ژمارەیەک غازفرۆش لەبەرەبەری سەری ساڵدا قۆر...

لە سلێمانی ژمارەیەک غازفرۆش لەبەرەبەری سەری ساڵدا قۆرخکاریان کرد؛ بۆیە سزا دران

غازی عەمبارکراو فریای خواستە زۆرەکەی غاز لە سلێمانی کە...

غازی عەمبارکراو فریای خواستە زۆرەکەی غاز لە سلێمانی کەوت