لۆگۆی ئەپی تیک تۆک - وێنە: Google
ئەمڕۆ وەزیر چی وتووە؟
عێراق ناتوانێ تیک تۆک دابخا و دەشیەوێ یاسای بۆ دەربکات
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ شەممە وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق هیام یاسری رایگەیاند، ناتوانین تیکتۆک قەدەغە بکەین، چونکە ئامێر و تەکنەلۆژیای ئێمە تەنیا وێب سایتەکان سنووردار یان قەدەغە دەکات، نەک بەرنامەکانی سۆشیال میدیا و ئەپلیکەیشن.
لە وتارەكەیدا لە كۆڕبەندی حوكمڕانی ئینتەرنێت لە بەغدا یاسری ئەوەشی وت، ئینتەرنێت بووەتە پێویستییەكی بەپەلە و پێویست، وە یەكێك لە گرنگترین پێداویستییەكانی ژیان، بۆیە بەڕێوەبردن و رێكخستنی بەپێی دەستوور و یاسا، بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە كە دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان.
وەزیر باسی لەوەکرد، وڵاتانی پێشكەوتوو رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە لەم كەرتەدا، و رێوشوێنی گونجاو دەگرنەبەر و كاردەكەن بۆ دەركردنی یاسا بۆ پاراستنی كۆمەڵگاكانیان و بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە گرنگە، کە بە خێرایی پەرەدەستێنێت، سەبارەت بە ئێمە لە عێراق هێشتا لەم بوارەدا دواكەوتووین، هەندێك وڵات لە ئێستاوە دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە قەدەغەكردنی بەكارهێنانی سۆشیال میدیا، لەلایەن منداڵانەوە یان سنوورداركردنی سەعاتەكانی بەكارهێنانیان.
لەبارەی دەرکردنی یاسا، هیام یاسی وتوویەتی، هێشتا دواكەوتووین لە دەركردنی یاسا و بڕیاری گونجاو كە لەگەڵ كۆمەڵگا و داب و نەریتەكەماندا بگونجێت، سۆشیال میدیا بووەتە سەكۆیەك بۆ ناوزڕاندن، هەروەها سەرلێشێواوی لە نێوان ئازادی رادەربڕین و سەرپێچیكردن بەرامبەر بە كەسانی دیكەدا هەیە.
جیاوازی لە نێوان ئازادی و سەرپێچی بەرامبەر ئەوانی دیكەدا هەیە، ئەمڕۆ سنوورەكان لە فەزای سۆشیال میدیادا كاڵ بوون و ئەمەش جێگەی نیگەرانییە، هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، و دروست نییە چاوپۆشی لەوە بكرێت كە روودەدات.