تای خوێنبەربوون
مەسەلە چییە؟
27گوندی سنووری قەزای سێمێل کەرەنتین کراون
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
بەهۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، 27 گوندی سنووری قەزای سێمێل بۆ ماوەی 45 رۆژ کەرەنتینکراون، ڤێرتێرنەری پارێزگای دهۆکیش دەڵێت، لە سەرەرای هەفتەی داهاتوو دەست بە هەڵمەتی پاککردنەوە و کۆتانی مەڕ و ماڵاتی سنووری پارێزگایەکە دەکەنەوە.
چوار رۆژ لەمەوبەر لە رێکەوتی 2025.8.24، پیاوێکی تەمەن 43 ساڵی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، کە پیشەی گوشتفرۆش بووە، لە کەمپی دومیز لە سنووری قەزای سێمێل بە تای خوێنبەربوون پێش دەرکەوتنی پشکنینەکان نەخۆشخانە بەجێهشتبوو، دواتر لە رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەست دا.
د.سەنا سەلیم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڤێرتێرنەری پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.8.2025 بە 964ـی وت، بەهۆی ئەو حاڵەتەی تای خوێنبەربوونی پێش چەند رۆژێک لەمەوبەر گیانی لەدەست دا، هێنان و بردنی مەڕ و ماڵات لە سنووری 27 گوندی قەزای سێمێل بۆ ماوەی 45 رۆژ قەدەغەکرا و ئێستا ئاژەڵەکان لەژێر کەرەنتینەدان.
وتیشی، بۆ جاری دووەم، تیمی پزیشکی کە پێکدێت لە 19 تیم کە سەردانی هەموو ئەو کەسانە و پرۆژانە دەکەن، کە ئاژەڵی وەک مەڕ و ماڵات، بەخێوە دەکەن، كە هەموو ئاژەڵەکان پاکدەکرێنەوە و کۆتا ”ڤاكسین”یان بۆیان دەکرێتەوە.
باس لەوەش کرد، ژمارەیەک پشکنینی تای خوێنبەربوون بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە کراوە و ئەنجامەکان نێگەتیڤ دەرچوون، ژمارەیەکیش گومانیان لێدەكرێ و چاوەرێی ئەنجامی پشکنینەکانیانن.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڤێرتێرنەری پارێزگای دهۆک، لە سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵەوە تا ئێستا، سێ کەس بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا