خەڵک "ئیخباری" کردوون
کاندیدێکی “ساختەچی” و چوار یاریدەدەری دەستگیرکران
964+
ئەحمەد مستەفا
دەستەی نەزاهەی عێراق، کاندیدێکی ”ساختەچی”و چوار کەسی دیکەیان دەستگیرکرد کە کارتی دەنگدانیان کڕیوە و بەخەڵکیان وتووە داتان دەمەزرێنین.
چوار کەسەکەی دیکە، یاریدەدەری بوون، هەروەک دەستەکە بە روونی ستایشکردنی هاوکاری و هۆشیاری هاوڵاتیانی کردووە، کاتێک کاندیدەکە فۆتۆکۆپی کارتی هەڵبژاردن و کۆمەڵێک “فۆڕمی ستوونی” کە ناوی دەنگدەر و ژمارەی هەڵبژاردن و ناوی ناوەندەکەی تێدابوو دابەشیان کردووە.
دەستەی نەزاهەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.8.2025 لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، یەکێک لە تیمەکە بەڕێوەبەری بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کاندیدەکە بووە، بە تۆمەتی کڕینی کارتی هەڵبژاردن لە بەرامبەر بەڵێنی دامەزراندنی یان مووچەی “چاودێری کۆمەڵایەتی” دەنگی لە خەڵک کڕیوەتەوە.
دادوەری دادگای کەرخی دووەم و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق راستەوخۆ سەروکاری کارەکانیان کردووە بۆ دەستگیرکردنی کاندید و تیمەکەی.
دەستەکە لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، تیمەکە گواستراوەتەوە بۆ ئەو بینایەی کە سکاڵاکاران نیگەرانییان دەربڕیوە لێیەوە، کە تۆمەتبارەکان شەش مۆبایل و حاسیبەیەکیان پێبووە.
دوای وەرگرتنی لێدوانی تۆمەتباران و تۆمارکردنی لە دادگا، دادوەری دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دوو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کاندیدەکە و تۆمەتبارێکی دیکە دەرکردووە.
دەستەی نەزاهە “دەستپاکی” عێراق ژمارەی تەلەفۆنی بێبەرامبەری (5080)ی تەرخان کردووە بۆ وەرگرتنی سکاڵا و زانیاری پەیوەست بە گومانی پێشێلکاری پرۆسەی هەڵبژاردن و تۆمەتەکانی کڕینی دەنگ.
هەروەها رێسایەکی رەفتاری بۆ هەڵبژاردنەکانی 2025 دەرکردووە بۆ رێگریکردن لە ئیستغلالکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەت لە پەرەپێدانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە بێلایەنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.