دوو رۆژە بێسەروشوێن بوو
تەرمی گەنجێک لە ناو سەرچاوەیەکی ئاودا بە خنکاوی دۆزرایەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەقەزای شەرگاتی پارێزگای سەڵاحەدین ماوەی دوو رۆژ بوو گەنجێک بێ سەروشوێن بوو ئەمڕۆ تەرمەکەی لەناو سەرچاوەیەکی ئاوی نزیک روباری دیجلە دۆزرایەوە.
سەعید حەسەن، یەکێک لەهاوڕێکانی ئەو گەنجە بە 964ـی وت، ئەوان نزیکەی 15کرێکارن ماوەی نزیکەی مانگێکە لە پڕۆژەیەکی حکومی قەزای شەرگات کاردەکەن، دوو رۆژ پێش ئێستا هاوڕێکەم پێی وتین ماندووم و دەمەوێت پشویەک وەربگرم و دواتر دەگەڕێمەوە لاتان، بەڵام زۆری بەسەرا چوو نەگەڕایەوە، پاشان دەستمان بەگەڕان کرد بەدوایدا و کەسوکار و هێزەئەمنیەکانمان لێ ئاگادارکردەوە.
وتیشی، لەدرێژەی گەڕانەکاندا ئەمڕۆ لەناو سەرچاوەیەکی ئاوی قەزاکە کە نزیکە لە رووباری دیجلەوە، تەرمەکەی بەر گژوگیای ئاوەکە کەوتبو دۆزرایەوەو درهێنرایەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی قەزاکە کرا.
عەبدوڵا مونعیم، ئێشکگر لەنەخۆشخانەی قەزای شەرگات بە 964ـی وت، گەنجەکە بە مەبەستی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە چووەتە ناو سەرچاوە ئاوەکەو، دیارە بەهۆی ماندوێتیەوە نەیتوانیوە خۆی رزگاربکات، بۆیە ژێرئاو کەوتوە و خنکاوە.
ئەو گەنجە ناوی “حسێن جەمیل”ـلە و تەمەنی 24 ساڵە و سەڵتە و دانیشتوی شاری حلەیە، رۆژانە بۆ کرێکاری دەهاتە قەزای شرگات لەپارێزگای سەڵاحەدینوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی