60 مەتریەکەی قەڵادزێ تەنیا چاڵەکانی پڕکراوەتەوە

964+

مەجید بتوێنی-راپەڕین

شەقامی 60 مەتری قەڵادزێ لە ساڵی 2013ـەوە بڕیار بوو دروست بکرێت، بەڵام لەکۆی 25 کیلۆ مەتری تەنیا سێ کیلۆ مەتری قیرتاو کراوە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەو قەزایەش دەڵێن، ئەو ئامێرانەی کاریان لەو شەقامە دەکرد تەنیا چاڵەکانیان پڕدەکردەوە.

شەقامی 60 مەتری لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ماوەی نۆ ساڵە بڕیاری قیرتاوکردنی بۆ دەرچووە، دوو سایدە و لە ئێستادا پڕە لە چاڵوچوڵ.

وەستانی ئەم پڕۆژەیە لەکاتێکدایە ڕۆژانە 150 بارهەڵگر لەمەرزی کێلێ بۆ ئێران هاتووچۆی پێدادەکەن، تەواونەکردنی شەقامەکە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ناوشار دروستکردووە.

ئارام محەمەد، سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بە تۆڕی 964 ی وت “پڕۆژەکە لای کۆمپانیا وەک خۆیەتی، ئەوان هەر کاتێک پارەیان بۆ خەرج بکرێت، کارەکانی دەست پێدەکەنەوە، بەڵام نەبوونی پارەی نەختینە لە بانک هۆکاری وەستانی پڕۆژەکەیە”.
سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە پڕۆژەکە دەستی بەکارەکانی کردبێتەوە، بەڵکو ئەوەی هەبووە لەم هەفتەیە ئامێرەکانی شارەوانی چاڵوچۆڵی شەقامەکەیان پڕکردۆتەوە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی تۆڕی 964، بڕیار بوو ئەو شەقامە بەچوار قۆناغ جێبەجێ بکرێت، قۆناغی یەکەم و دووەمی تەواو بوو، قۆناغی سێیەمی بڕی یەک ملیۆن و 495 هەزارو 644 دۆلاری بۆتەرخان کراوە، دەبوو لەماوەی 250 ڕۆژدا تەواو بکرێت، قۆناغی چوارەمی نزیکەی یەک ملیاری بۆ دانرا، بەڵام هەردوو قۆناغەکە وەستا.

بەتەواوکردنی شەقامی 60 مەتریەکەی قەڵادزێ، مەرزی کێلێ دەبەستێتەوە بەئیدارەی ڕاپەڕین و گرفتی هاتووچۆی ناوشار چارەسەردەکات.

پێداچوونەوەی فەهمی نەبی