بوومەلەرزەکە بۆچوونی توركە نەژادپەرستەکانی بەرامبەر كورد گۆڕی

سەركردە باڵاکانی توركیا بە كوردی وتیان: سوپاس

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیای بەرامبەر کورد هەژاند و کاریگەری بەسەر بیرکردنەوەیانی بەرامبەر کورد گۆڕیوە.

دوای بوومەلەرزەکە دەستبەجێ لە 32 شوێن لەهەرێمی کوردستان کەمپەینی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ لێقەوماوانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا راگەیەنرا.

لە 18 رۆژی رابردوودا، سەدان ترێلەی کۆمەک بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان رەوانە کران، هەر ئەمڕۆش 40 ترێلە کۆمەک رەوانە کران.

یەكێك لە  توركە نەژادپەرستەکان كەخۆی دەڵێت ئەو زۆر دژی كورد بووە، لەدوای بوومەلەرزەكەوە ڤیدیۆیەكی بڵاو كردوەتەوە و دەڵێت ”لێرە بەدواوە دەبێت تێڕوانیمان بەرامبەر كوردەكان بگۆڕین كە لە مێژووەوە خراوەتە مێشكمان”،  لەهەمان کاتدا ئەو سوپاسی گەلی كورد دەكات.

تێبینی کراوە ئەو هەڵوێستە بۆچوونی بەشێك لە کەسانی  رەگەزپەرستی تورکیای گۆڕی بێت

لەلایەكی ترەوە بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی تورکیا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەزمانی كوردی پۆستیان كردووە و سوپاسی گەلی كورد و حكومەتی هەرێم دەكەن.

ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا دەڵێت “لە نیوە شەوێكدا كوردەكان بەهانامانەوە هاتن”

داود ئۆغڵۆ، لە تویتەری فەرمی حزبەكەی نوسیویەتی “برا كوردەكانمان بۆ ئەو هاوكارییەی كردتان، پێویستە بەكوردی سوپاسیان بكەین”.

بە کوردی نوسیویەتی “سوپاس”

لەلایەكی ترەوە مەولود چاوش ئۆغڵۆ لە پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی ”هاوڕێ پێویستی بە هاوڕێیە هەر بۆیە دەڵێین سوپاس”.

لەگەڵ پۆستەكەیدا بەزمانی كوردی نوسیویەتی سوپاس، لەنێو 24 ئاڵای وڵاتانی جیهان، لە دەستی راستەوە لە سەری سەرەوە ئاڵای كوردستانی داناوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوو، گەورە سەرۆك شارەوانی ئەستەنبوڵ، لە هەژماری خۆی لە تویتەر پۆستێكی كردووە و نوسیویەتی ”سوپاسی دۆستە كوردەكانمان دەكەین كە هاوكارمان بوون لە رووبەرووبونەوەی بوومەلەرزەكەدا”.

لەگەڵ پۆستەکەیدا بە زمانی کوردی نوسیویەتی سوپاس، لە نێو 24 ئاڵای وڵاتانی جیهان، ئاڵای کوردستانی داناوە.

عەلی باباجان، یەکێکی ترە لەو سەرکردانەی تورکیا کە سوپاسی کورد دەکات، ئەو سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن “دەڤا”یە،  لە تویتێکدا سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد کە هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەی وڵاتەکەیان کردووە.

باباجان، ئاڵای کوردستانی لەگەڵ ئاڵای ئەو وڵاتانە داناوە کە هاوکاری و کۆمەکیان گەیاندووەتە شارە زیانلێکەوتووەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە زمانی کوردی سوپاسی هەرێمی کوردستانی کردووە.

باباجان، ئاڵای کوردستانی لەگەڵ ئاڵای ئەو وڵاتانە داناوە کە هاوکاری و کۆمەکیان گەیاندووەتە شارە زیانلێکەوتووەکانی تورکیا

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 6.2.2023 بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.2 لە باكور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریا رویدا و بەهۆیەوە ژمارەی گیان لەدەستدان 50 هەزار کەسی تێپەڕاند، كە چەقی بوومەلەرزەكە شاری مەڕەشی باكوری كوردستان بوو.