بەئەمبوڵانس بەناو گەڕەکەکاندا بانگەواز دەکەن
تەندروستی خورماتوو حەبی کلۆر بەسەرماڵاندا دابەش دەکات
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
بەشی تەندروستی خورماتوو، بە ئەمبوڵانس لەناو گەڕەکەکانی قەزاکەدا دەسوڕێنەوە و بانگەواز دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بێن و حەبی کلۆر وەربگرن بۆ ئەوەی بیکەنە نێو تانکی ئاوەکانیان بەمەبەستی تەعقیمکردن و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیا، بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی ئاوی خورماتوو پیسە و شیاوی خواردنەوە نییە.
کامەران عەبدولڕەحمان، دەرمانساز لە کەرتی تەندرستی کۆماری بە 964ـی وت، لەمڕۆوە هەڵمەتی گەڕانمان بەنێو گەڕەکەکاندا دەستپێکردووە و حەبی کلۆر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا رێنمایی وچونیەتی بەکارهێنانی ئەو حەبە بۆ هاوڵاتیان رووندەکرێتەوە، بەجۆرێک شریتێک لە حەبی کلۆر بۆ 200 لیتر ئاو بەکاردێت و تەعقیمی دەکات.
وتیشی، بەگوێرەی فۆرمی خۆراک و ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان حەبەکان دابەش دەکرێن و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.
روونیشیکردەوە، وەرگرتنی حەبی کلۆر و تێکردنی بەنێو تانکی ئاوی ماڵان، دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان، بەو پێیەی لەئێستادا پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەزای دوزخورماتوو بەجۆرێک پیسبووە کە شیاوی خواردنەوە نییە و لەڕووی تەندروستییەوە زیانی دەبێت بۆ هاوڵاتیان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر