خێزانە بەغدادییەکان لە جادرییە یاری تێنس دەکەن
ئەلجادرییە (بەغداد) – میدیازان
ئێوارەی رۆژی هەینی لە باخچەکانی ناو زانکۆی ئەلنەهرەین لە بەغداد بەبەشداریکردنی زۆرێک لە خێزانە بەغدادییەکان و لەژێر سەرپەرشتی ئەکادیمیای جادرییە، پاڵەوانێتی تێنس بەڕێوە چوو.
ئەم پاڵەوانێتییە هەموو ساڵێک لە بەرواری دروستبوونی ئەکادیمیای جادریە بۆ تێنس لەساڵی 2017 بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەپێناو زیندووکردنەوەی ئەم وەرزشە کە هەڵسوڕێنەرانی ئەکادیمییەکە بە “لەبیرکراو” وەسفیان کردووە.
کاپتن محەمەد موهەنەد کە یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی ئەکادیمییەکە باسی لەوەکرد کە “ئەم پاڵەوانێتییە بە بەشداری 50 یاریزانی تەمەنە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، کە لە 5 ساڵانەوە دەستپێدەکات تاکو 50 ساڵان”.
هەروەها ئەوەشی روونکردەوە کە “ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم یارییە خولقاندنی کەشێکی کۆمەڵایەتی جوانە کە خێزانە بەغدادییەکان کۆبکاتەوە، هەروەها بۆ هاندانی بەهرەمەندە تازەپێگەیشتووەکان”.
عەلی خەیری “یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتمانی و ڕاهێنەری ئەکادیمیای تێنسی سەرزەوی جادریە، گلەیی و گازندەکانی بۆ میدیازان ئاشکراکرد و ووتی “بەهۆی نەمانی پاڵپشتی دارایی و مەعنەوی بۆ ئەم وەرزشە، وەزارەتی لاوان و وەرزش هیچ یاریگایەکیان بۆ ئەم وەرزشە تەرخان نەکردووە”، ئاماژەی بەوەکرد کە “وەزارەتەکە تەنها گرنگی بە تۆپی پێ دەدات”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە “بەشداریکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی کەمکراوەتەوە بۆ پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لەکاتێکدا پاڵەوانێتییەکانی تاکەکەسی، فیوچەرز و چالنجەر، لەسەر داهاتی تایبەتی خۆیان بەشداری تێدا دەکەن”.
فاتیمە قاسمی بەشداربوو ڕایگەیاند “پاڵەوانێتی جادرییە بۆ تێنس بەشداریکردنی زۆرێک لە خێزانە عێراقییەکانی بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەتی بەشداریکردنی ڕێژەی زۆری ئافرەتان، بەوپێیەی یەکێکە لە وەزرشە دڵخوازەکانی زۆربەی خەڵکی”.
سەبارەت بەو ئاڵینگارییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە کاتی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەم یارییە ئەوەی ڕونکردەوە کە “گەورەترین تەحەدا کە ڕووبەروومان دەبێتەوە ئەوەیە کە شوێنێکی تایبەت بە یاری تێنس نییە تا یاری و ڕاهێنانی تێدا بکەین بەشێوەیەکی بەردەوام بە درێژایی ساڵ، ئەم یاریگایەش لەبنەڕەتدا یاریگای تۆپی باسکەیە، ئەکادیمیا بە کرێی ساڵانە گرتویەتی بۆ درێژەدان بە ڕاهێنانەکانمان”.
لە کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، میدالیا بەسەر یاریزانە براوەکاندا دابەشکرا، لە نێوان چەپڵە ڕێزان و هاندانی ئامادەبووان.