دیمەنێک کە لە دوورەوە بازگەی عەربەت بۆ سلێمانی نیشان دەدات - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
ساغکردنەوە
هاتوچۆ لە بازگەی عەربەت بۆ سلێمانی ئاسایی بووەتەوە
ئەحمەد مستەفا
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 22.8.2025، لە رێگەی چوون لە عەربەتەوە بۆ سلێمانی، بازگەی ئاسایش بە کاتی رێگەی تێپەڕبوونی راگرتبوو، بەڵام 964 سۆراغی کرد و زانی، دوای ماوەیەک و هێربوونەوەی دۆخ لە ناو سلێمانی هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە.
ئەوەش زانراوە، ئەو هێزە زۆرەی ئۆپراسیۆنی ئاسایش دوێنێ ئێوارە پێنجشەممە 21.8.2025، لە بازگەکە بوون بە خۆیان و ئەفسەرەکانیانەوە لەوێ نەماون.
پشتیوان محەمەد، یەکێکە لەو هاڵاتییانەی لە عەربەتەوە ئەم بەیانییە چووەتە سلێمانی ئەو بە 964ی وت، کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ لە بازگەکەوە تێپەڕیوە بۆ سلێمانی، دۆخەکە تەواو ئاساییە و تەنیا ئەو ئاسایشانە لە بازگەکەن کە بەردەوام ئەرکدارن و هێزی دیکە لەوێ نەماون.
لە دوێنێوە شاری سلێمانی بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، لە دەورووبەری کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بازگەکانی دەرەوەی سلێمانی قەرەباڵغییەکی نائاساییان بەخۆوە بینی، هەتا چوار کاتژمێر دوای ئەوەش قەرەباڵغییەکە نەڕەوییەوە و هێز دەهات و دەچوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش، شەڕ و ئاڵۆزییەكە دوای دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن لەلایەن دادگای سلێمانیەوە كە بۆ هەرسێ كەسی دیاری بەرەی گەل، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و فەرماندەی هێزی دوپشك رێبوار حامی حاجی خالی دەرچوو، دەستی پێكرد و هێزەكانی لالەزار خۆرادەستكردنیان رەتكردەوە و رووبەڕووبونەوەیان هەڵبژارد.
دوای رووبەڕووبونەوە قورسەكەی شەوی رابردوو، كە نزیكەی چوار كاتژمێری خایاند، لەئێستادا دەنگی تەق و تۆق لەسلێمانی نەماوە و دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە، هاوڵاتیان لەسەر شەقامەكانن وەكو رۆژانی ئاسایی هاتوونەتە دەرەوە.