دەستنوسەکانى چاپ دەکرێن

وەزارەتی رۆشنبیری؛ کتێبخانە و ئەرشیفی مامۆستا عەزیز گەردیمان کڕییەوە

وریا فەتاح

وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان بڵاوى کردەوە، دەستنووس، کتێبخانە و ئەرشیفی مامۆستا عەزیز گەردی کڕیوەتەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی سوودی گشتیی و دەستنووسەکانی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.

18 هەزار سەرچاوە و ناونیشانى جیاجیا لەخۆى دەگرێت

کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستای کۆچکردوو عەزیز گەردی، بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەرچاوە و ناونیشانی دەگمەن و مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەهایەکی گرنگی هەیە بۆ کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی بزاوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی.

دوێنێ (19ـی ئابی 2025) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رایگشتی، وردەکاری پڕۆسەی گفتوگۆ و دیدارەکانی شاندی وەزارەتی لەگەڵ میراتگرانی کۆچکردوو د. عەزیز گەردی خستەڕوو و رایگەیاندبوو، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو لە چوارچێوەیەکی یاساییدا.

وەزارەتەکە بڵاوى کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ میراتگرەکانى و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار، بە بڕیاری دادگا مافی خاوەندارێتی کتێبخانەکە لە رێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا بەخشرا بە یەکێک لە میراتگرەکان، دواتر وەزارەت سەرجەم کتێبخانە و ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی لەو میراتگرە کڕیەوە.

“بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندە، کە زیاتر لە هەژدە هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا لە خۆ دەگرێت، بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گشتیی، کتێبخانەیەکی تایبەتیان بە ناوی “کتێبخانەی د. عەزیز گەردی” بۆ بکرێتەوە، هەروەها دەستنووسەکانیش چاپ و بڵاوبکرێنەوە”، وەزارەتى رۆشنبیرى وا دەڵێت.