“پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبێت 100 دۆلار بە 132 هەزار حساب بکەن”

964+
فەهمی نەبی

دەستەی وەبەرهێنانی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ لەمەودوا دەبێت پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بۆ هاوڵاتیان هەژمار بکەن.

بڕیارەکەی دەستەی وەبەرهێنان، سێشەممە 21.2.2023 دەرچووە و واژۆی حەیدەر محەمەد، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراقی بەسەرەوەیە.

دەستەی وەبەرهێنان، لە بڕیارەکەیدا دوو خاڵی خستووەتەڕوو، لە خاڵی یەکەمدا هاتووە، پێویستە هەموو کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان لە بانکی عێراقی هەژمارێک بکەنەوە، تیایدا دۆلار بە 131 هەزار دینار بێت، لە خاڵی دووەمی بڕیارەکە هاتووە، هەموو کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دەبێت دۆلار بە نرخی 132 هەزار دینار لە هاوبەشەکانیان وەربگرن.

لەلایەکی تر سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەسەر زاری عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی بڵاویکردووەتەوە، پێویستە کۆمپانیاکان بەوانەی کوردستانیشەوە پابەندی ئەو نرخە بن کە بانکی ناوەندیی دیاریکردووە.

رۆژی 7.2.2023 بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای حکومەت، نرخی 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشن و لە بانکە ئەهلیەکان بە 132 هەزار دینار دەبێت، بەڵام هێشتا لە بازاڕ نرخی 100 دۆلار لە سەرووی 150 هەزار دینارە.