بەرگبڕانەکە چارەسەر دەبێت
964+
فەهمی نەبی
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ئەمڕۆوە کێشەی نەبوونی بەرگی پاسپۆرت چارەسەرکراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا مامەڵەی هاوڵاتیان راییدەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، بۆیە دواکەوتوون لە چارەسەرکردنی گرفتەکە چونکە فشاری زۆر هەبووە لەسەر فەرمانگەکانی دەرهێنانی پاسپۆرت، لەهەمانکاتدا ژمارەی عەمرەکاران دوو هێندە بووە.
زیاتر لە مانگ و نیوێکە، بەهۆی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کێشە بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دروستبووە.
سەعد مەعن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە پەڕەی فەرمی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، “لەم رۆژانە بە قەبارەیەکی گەورە پاسپۆرت چاپ دەکرێت”.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە، لە کۆی یەک ملیۆن داواکاری پاسپۆرت ئەوان توانیویانە پەنجا هەزار پاسپۆرت چاپ بکەن و لە رۆژانی داهاتوو بە تەواوی بابەتی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەر دەبێت.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوو لە هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە گرفتی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت هەبوو، لە سەرجەم فەرمانگەکانی دەرهێنانی پاسپۆرت مامەڵەکان وەردەگیران بەڵام دەفتەر نەبوو بۆ چاپکردن.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بەردەوام دەبن لە پێدانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە چوار ناوچەی بەغدا، لەنێویاندا کەرخ و رەسافە.