ئامێری ATMـیان بۆ دانرا
فەرمانبەرانی باتیفا رێگایەکی دوور و درێژیان لەکۆڵ بووە و چیدی بۆ موچە ناچنە زاخۆ
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
فەرمانبەرانی قەزای باتیفا ئامێری ATMـیان بۆ دانرا و چیتر ناچار نابن رێگایەکی دوور و درێژ ببڕن و بۆ موچە وەرگرتن بچنە زاخۆ.
ئامێرەکە لە تەنیشت بانکی باتیفا دانراوە، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دابین دەکرێت و سبەی پارەی تێدەکەن.
عەبدولغەنی قاسم مامۆستایە و لەڕێی ATMـەوە موچە وەردەگرێت، ئەو بە 964ـی وت، “ماوەیەک پێش ئێستا لە کەناڵەکەتانەوە گلەیی ئەوەمان کردبوو کە ناتوانین بچینە زاخۆ بۆ وەرگرتنی موچە، ئێستا کێشەکەمان بۆ چارەسەر کراوە و سوپاسی ئەو لایەنانەش دەکەین کە دەستیان هەبوو لە چارەسەرکردنی ئەم بابەتە”.
لەوبارەیەشەوە فەرهاد مەحمود قایمقامی قەزای باتیفا بە 964ـی وت، “دوای هەوڵێکی زۆر توانیمان ئەم کێشەیەی فەرمانبەران چارەسەر بکەین، ئەمڕۆ لەگەڵ کارمەندانی بانک کۆبووینەوە و سبەینێ بابەتەکە یەکلایی دەبێتەوە، ئیدی ئەو فەرمانبەرانەی لەڕێی هەژماری منـەوە موچە وەردەگرن، کێشەیان نامێنێت”.
فەرمانبەرانی قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا، کە پێشتر بەکاش لە بانکی باتیفا موچەکانیان وەردەگرت، دوای دانانی سیستەمی ATM لە زاخۆ، ناچار بوون 35 کیلومەتر ببڕن بۆ وەرگرتنی موچەکەیان، جگە لەوانیش فەرمانبەرانی ناحیەی کانی ماسێ کە سەربە قەزای ئامێدیە لە پارێزگای دهۆک، مانگانە رێگایەکی 135 کیلۆمەتریان دەبڕی تا دەگەیشتنە زاخۆ، بەڵام ئێستا دەتوانن هەر لە ATM ـەکەی باتیفا باخەڵیان گەرم بکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری