لەماوەی سێ رۆژدا هەشت کەس خنکاون
لەبەشێکی زۆری سەر رووباری دیجلە مەلەکردن قەدەغەکرا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەهۆی زۆری حاڵەتەکانی خنکانەوە هێمای هۆشداری و قەدەغەکردنی مەلەکردن لەسەر بەشێکی زۆری رووباری دیجلە لە پرێزگای سەڵاحەدین دانراو هاوڵاتیانیش لەمەترسی خنکان لە رووبارەکەدا ئاگاداردەکرێنەوە.
عەمید مەحەمەد زەعال، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، بەهۆی زۆری حاڵەتەکانی خنکانەوە تیمەکانمان راسپاردووە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەمەترسیەکانی مەلەکردن لەنێو رووباری دیجلە ئاگاداربکەنەوە، چونکە حاڵەتەکانی خنکان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادبووە، بەتایبەت هۆشداری دەدرێتە گەنجان و مێردمنداڵان کە بەهۆی بەزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بۆ خۆفێنککردنەوە سەردانی رووبارەکە دەکەن.
وتیشی، لەهەڵمەتەکەدا بەدرێژایی بەشێکی زۆری رووباری دیجلە بەتابلۆ و هێمای قەدەغەی مەلەکردن دانرا و داواش لەو گەنجانە دەکەن کە شارەزاییان لەمەلەکردن نیییە نزیکی رووباری دیجلە نەکەونەوەو هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی تەنها سێ رۆژدا هەشت کەس لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری دیجلە خنکاون، بەراورد بە سێ مانگی رابردوو رێژەی خنکان %50 زیادی کردووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی