دوکاندارانی بازاڕی چۆمان شەوانە کەلوپەلەکانیان لە دەرەوە جێدەهێڵن
“شاری ئەمین، دەرگای ناوێ”
964+
ئاکام غەفور-سۆران
دوکاندارانی قەزای چۆمان بە جۆرێک متمانەیان بە خەڵکی خۆیان هەیە، شەوان هەرچی کەلوپەلی دوکانەکانیانە لە دەرەوە بەجێی دەهێڵن و کەسیش دەستکاری ناکات.
پەیامنێری 964 لە دوای کاتژمێر 12:00ـی شەو، سەردانی ناو بازاڕی چۆمانی کردووە، بەشی زۆری دوکانەکان داخراون، بەڵام کەلوپەلی دوکانیان لە دەرەوە جێهێشتووە، تەنیا بە پەردەیەکی قوماش دایدەپۆشن و بێ خەم دەچنەوە ماڵەوە.
هێمن محەمەد، زیاتر لە 25 ساڵە لەگەڵ براکەی دوکاندارن لە بازاڕی چۆمان و بۆ 964 دەڵێت، ”شەوانە بەشی زۆری کەلوپەلەکانم لە دەرەوە جێ دەهێڵم هیچ کاتیش نەبووە کەس دەستکاریان بکات، هیچ کاتیش ئەوەی لە دەرەوە جێ دەهێڵم لە سێ ملیۆن دینار کەمتر نیە”.
سەربەست نورەدین، نانەوایە لە بازاڕی چۆمان و بە 964ـی وت، شەوانە بتڵی غازەکان لە دەرەوە جێ دەهێڵم و دوکانەکەشم داناخەم کە پڕ لە ئاردە، بەڵام هیچ کاتێک نەبووە کەس دەستکاری شتەکانم بکات و دزی لەم دوکانانە نەکراوە.
وەک ئەوەی باسی دەکات، زۆر جار رۆژانی هەینی بۆ کاتی نوێژ نانەکەی لە دەرەوە جێ دەهێڵێت تا نوێژ دەکات، کە دەگەڕێتەوە دەبینێت ئەگەر 10 نان کەمی کردبێت پارەی 10 نان لە دوکانەکەی دانراوە، خەڵک نانی خۆی دەبات و پارەکەی جێدەهێڵێت.
چۆمان یەکێکە لە قەزاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچەکە بە دەڤەری باڵەکایەتی ناسراوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر