راو کرابوون

حەوت سمۆرە لە چۆمان گەڕێندرانەوە ناو سروشتی خۆیان

ئاکام غەفوور

لە گەشتە بەهارەکەی چۆمان، حەوت سمۆرە بۆ ناو سروشت گەڕێندرانەوە، کە پێشتر راو کرابوون، ئەمە گەشتە بەهارەی ژمارەیەک ژینگەدۆست بوو، کە چووبوونە سروشتی چۆمان و ژمارەیەک چالاکییان ئەنجام دا.

یەکێک لە پەیامە بنەڕەتییەکانی گەشتە بەهارەکە خەمی ژینگە و ئەو ئاژەڵانە بوو، کە لەناو سروشت دەژین، ئەوان داوایان کرد بازرگانیکردن بە سمۆرە قەدەغە بکرێ.

فەرهاد قەسرەیی، ژینگەدۆستێکی سنوورەکەیە و بە 964ی وت، ژمارەیەک سمۆرە کە راوکرابوون و لە بازاڕ کڕیبوومن، ئەمڕۆ لەناو سروشت ئازادیان دەکەم.

ئەو وتیشی، ژینگەی ئێمە زۆر جوانە، کاتێک جوانترە کە ئاژەڵەکانی تێدایە، ئەمە پەیامی ئێمە و ژینگەپارێزەکانە کە دەمانەوێت وەک بابەتێکی گرنگ سەیری ژینگە و پێکهێنەرەکانی بکرێ.

ئەمە دووەمین گەشتە بەهارەی چۆمانە، خەڵک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی خوارووی عێراق روویان لە گوندی گۆرۆنیا کردووە، خێمەیان هەڵداوە و شەو لە ناو سروشت دەمێننەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا