"هێشتا بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ نەکراوە"
ئاگرێک لە سنوورەکانی بانە و پێنجوێن کەوتووەتەوە؛ نزیکەی هەزار دۆنم زەوی سووتاوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوو رۆژە ئاگرێک لە سنوورەکانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و قەزای پێنجوێن سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
رێبوار رەحیم خەڵکی گوندی سیاگوێزـی سەربە قەزای پێنجوێن بە 964ـی وت، “ئێوارەی دوێنێ شەممە 16.8.2025 ئاگرێک لە نزیک گوندی چەمپاراوی رۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە و مەترسی پەڕینەوە و پەرەسەندنی بۆ ئەمدیو هەبووە، بەڵام خەڵکی چەمپاراو و دەورووبەری زوو فریای کەوتوون و نەیانهێشتووە زۆر تەشەنە بکات”.
باسی لەوەشکرد، دانیشتووانی سیاگوێز ویستوویانە بەهانایانەوە بچن و هاوکاریان بکەن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام بەهۆی بوونی بنکەیەکەی سوپای پاسداران نەیانوێراوە بپەڕنەوە ئەو دیو سنوور.
بەقسەی رێبوار رەحیم، ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە، دارستانێکی چڕە و بەهۆی ئاگرەکەش نزیکەی هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتاوە و زیانی زۆریش بە دار و درەختەکان گەیشتووە، لە ئێستاشدا بەشێکی زۆری ئاگرەکە کوژێنراوەتەوە و نزیکە لە کۆنتڕۆڵکردن.
گوندی چەمپاراو سەربە شاری بانەیە لە پارێزگای سنە و نزیکە لە گوندی سیاگوێز کە نزیکەی کاتژمێرێک لە سەنتەری قەزای پێنجوێنـەوە دوورە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری