کەلار… خێرانێك کافێیەک بەڕێوەدەبەن
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
سارا و ئاری ھاوسەری یهكترن، لەناو بازاڕی قەزای کەلار بەھاوکاری یەکتری، ماوەی دوو ساڵە کافێیەکیان داناوە و خۆیان بەڕێوەی دەبەن.
سارا عوسمان، دەرچووی زانکۆیە و یەکێک بووە لە یەکەمەکانی بەشەکەی، بەڵام چاوەڕێی دامەزراندنی نەکردووە و خۆی دەستی بەکارکردووە، بە تۆڕی964ی وت، سەرەتا لەگەڵ ھاوسەرەکەی کارێکی تریان تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام کۆڵیان نەداوە و پێشنیاری دانانی ئەم کافێیەی بۆ ھاوسەرەکەی کردوە و ماوەی دوو ساڵە بەردەوامن.
دەشڵیت، ھاوسەرەکەی زۆر ھاوکاری دەکات و پاڵپشتیەتی، ھەروەھا جگە لە خۆی و مێردەکەی دەرفەتی کاریان بۆ پێنج گەنجی تر رەخساندووە لە کافێکەیان و بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن.
ئەوان یەکەم ھاوسەرن لە بازاڕی کەلار، کە پێکەوە کافێیەک بەڕێوە دەبەن، چەندین جۆری شیرینی بۆ کڕیارەکانیان ئامادە دەکەن. .
ئاری کەریم، هاوسەری سارا، بە تۆڕی964ی وت، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی کافێکەیان کراوەیە تا نزیکی 12:00ی شەو، باس لەوەش دەکات کاتێک ھاوسەرەکەی پێشنیاری کافێکەی پێیوتووە زۆر پاڵپشتی بووە و پێیخۆشبووە لە جێگایەک پێکەوە کار بکەن.
ئەوان جگە لەوکەسانەی دێنە دوکانەکەیان و شیرینیەکانیان تام دەکەن، ئەو کەسانەشیان لەبیرنەکردووە کە لەماڵەوەن ناتوانن بێنە لایان و حەزیان لێیە شیرینیەکانیان تام بکەن بە گەیاندن بۆیان دەبەنە ماڵەوە.