سێ جار تەقیوەتەوە و ١٢ی بریندارکردووە

میدیازان – هێڤی دیوالی – هەولێر

 شەوی رابردوو، تانکەرێکی سوتەمەنی لەسەر رێگەی دهۆک – فایدە ئاگری گرت، دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەش، هێشتا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ١٢ کەس برینداربوون.

 رووداوەکە لە پاش کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی شەوی شەممە روویداوە.

 بەرگری شارستانی دهۆک دەڵێت، تانکەرەکە گازی هەڵگرتووەو سێ جار تەقیوەتەوە.

 ھەیسەم بەربھاری، بەرپرسی تیمی فریاکەوتنی 122 لە دھۆک بە میدیازانی وت، ١٢ کەسی بریندار بەهۆی تەقینەوەی تانکەرەکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و “ئێستا بارودۆخیان جێگیرە”.

 بەر لە تەقینەوەکە، بەھۆی سووتانەوە، شۆفێری تانکەرەکە کە کوردە برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەهۆی ئەوەی رێژەی سوتانەکەی زۆرە باری تەندروستی ناجێگیرە.

 میدیازان دەزانێت، بە مەبەستی چارەسەرکردن، بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی سووتاوی لە دھۆک.

 بە گێڕانەوەی بەربهاری، تانکەرەکە بەهۆی وەرگەڕانەوە گڕی گرتووە، سەرەتا تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەهانایەوە دەچن و ئاگرەکە کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت تانکەرەکە تەقیوەتەوە.