نزیکەی 200 ملیۆن دیناری بۆ تەواوبوون ماوە
شەقامی ناوبازاڕی کەلار چاوەڕێی بەخشەرە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی شەقامی ناو بازاڕی کەلار چاوەڕێی دەستی بەخشەرەکانە. چونکە نۆژەنکردنەوەکە هەر بە پارەی بەخشەرەکان کراوە، بەڵام ئێستا پارە نەماوە.
نۆژەنکردنەوەکە بەسەر سێ زۆندا دابەشکراوە. بودجەی زۆنی یەکەمی دوو ملیار و 170 ملیۆن دینارە کەکەمتر لە دوو ملیار دیناری لەلایەن هەندێک کەسی بەخشەرەوە بۆ دابینکراوە و ئێستا ئەو بەشە تەنیا چاندنی نەمام و دانانی بی ئاڕ تۆنی ماوە.
زۆنی یەکەمی پڕۆژەکە لەتەلاری زانکۆی گەرمیانەوە لە کەلار دەستپێدەکات تاوەکو شەقامی سەرەکی ناو بازاڕ و ماوەی ساڵێکە کاری تێدادەکرێت.
دلێر مەحەمەد، بەرپرسی بەشی پڕۆژەکان لە شارەوانی کەلار بەتۆڕی 964ی راگەیاند: ئەوەی ماوەتەوە ئێستا چاوەڕێی پارەی دیکەین کە بەخشەرەکان بیدەن تاوەکو زۆنی یەکەم تەواو بکرێت.
زۆنی دووەمی پڕۆژەکە، لەشەقامی ناو بازاڕەوە دەستپێدەکات تاوەکو فلکەی نزیک رووباری سیروان، ھەروەھا زۆنی سێیەم لە فلکەی نزیک رووباری سیروان دەستپێدەکات تاکو سەر رووباری سیروان.
تۆڕی964 دەزانێت، قۆناغی دووەم و سێیەمی شەقامەکە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە جێبەجێدەکرێت، کەپڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری، بازرگانی و نیشتەجێبوون لەسەر رووباری سیروان دروست دەکات.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد