پارێزگاى واست
پاسێکى زیارەتکاران تووشى رووداوى هاتوچۆبوو؛ 23 بریندار و گیانلەدەستدانێکى لێکەوتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە پارێزگای واست، پاسێكی گواستنەوەی زیارەتكارانی مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و کەسێک گیانی لەدەستدا و 23ـی دیکەش برینداربوون.
موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ دەرەکییەکان بە 964ـی وت،” پاسەكە ژمارەیەک لە زیارەتكارانی ئێرانی هەڵگرتبوو و لە كەربەلاوە بەڕێگەوەبوو بەرەو ئێران، لەسەر رێگەی سەرەكی پارێزگای واست لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی تایبەت تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، بەهۆیەوه زیارەتكارێک دەستبەجێ گیانی لەدەستداو 23 زیارەتکاری دیکەش برینداربوون کە شەش لەبریندارەکان باری تەندروستیان ناجێگیرە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، هۆکاری رووداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شۆفێری پاسەکە بەهۆی ماندوێتیەوە لەرێگاکە خەو بردویەتییەوەو بەهۆیەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی بەئۆتۆمبێلێکی تایبەتی پێشەوەی خۆیدا کێشاوەو روداوەکەی لێ کەوتوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا سەرجەم بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی واست و لێکوڵینەوەش لەرووداوەکە بەردەوامە.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح