چەند گەڕەكێكیش ئاوەدان دەكرێنەوە
چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سلێمانی دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە
964+
محەمەد فاتیح
گوژمه‌ی پێویست بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری لە پارێزگا‌ی سلێمانی خەرجكراوە، كه قیرتاوكردنی شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری سلێمانی و راكێشانی تۆڕی ئاو بۆ چەند گەڕەكێك و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌ره‌كی پێنجوێن لەخۆدەگرێت.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاریدا، ره‌زامه‌ندی نیشان دا، له‌سه‌ر خه‌رجكردنی چه‌ند گوژمه‌یه‌كی پێویست، بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و دابینكردنی پێداویستی، له سێكته‌ری شاره‌وانی و ئاو له سنووری پارێزگا‌ی سلێمانیدا.
گوژمه‌كان له‌سه‌ر رێژه‌ی 100% و 15%ـی داهاتی شاره‌وانی، رێژه‌ی 17%ـی داهاتی ئاو، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك و دابینكردنی پێداویستی بۆ كارگه و فه‌رمانگه‌كانی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری، به‌پێی چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاری ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنیان دراوه.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە، پرۆژه‌كان بریتین له:
-چاكسازیی به‌شێك له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو شار و دروستكردنی یه‌كساید، له سنووری شاره‌وانیی شاره‌زوور.
-دابینكردنی قیری شل و لم و بوحس و چه‌و، بۆ كارگه‌ی قیری شاره‌وانی له تانجه‌ڕۆ، بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و قیرتاوكردنی شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری سلێمانی.
-دابینكردنی ماتۆری بۆسته‌ر په‌مپ، بۆ پڕۆژه‌ی دوو له فه‌رمانگه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان.
-دابینكردنی گوژمه بۆ كاری چاكسازی له شه‌قامه‌كان و دابینكردنی پێداویستی بۆ تانكه‌ر و شه‌معه‌كان و مۆلیده و ئامێره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی سلێمانی.
– فراوانكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قام له خانووه تازه‌كانی سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی پێنجوێن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌ره‌كی پێنجوێن.
-راكێشانی تۆڕی ئاو له گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌واره‌به‌رزه و وڵوبه و سرووشت له سلێمانی.
له ئێستادا به‌پێی پلانی شاره‌وانی، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاو له بواری شاره‌وانی و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كاندا له قۆناغی جێبه‌جێكردندان.