پڕۆژەی رووناكی شوكرانەی ئەوێ‌

ئاگركەوتنەوە لە هەولێر كەمیكردووە و ریكۆردی عێراقیشیان شكاندووه

964+

محەمەد فاتیح

بەڕێژەیەكی بەرچاو ئاگركەوتنەوە لە شاری هەولێر كەمیكردووە، هۆكارە سەرەكییەكەشی دەگڕێتەوە بۆ پڕۆژەی رووناكی، لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگر كوژاندنەوەشدا، ریكۆردی عێراقیشیان شكاندووە.

شاخەوان سەعید، وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر، بە 964ـی وت، رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە شاری هەولێر، لە 50% كەمیان كردووە و پڕۆژەی رووناكی رۆڵێكی بەچاوی، هەیە لە كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی ئاگركەوتنەوە.

“بەهۆی پڕۆژەی رووناكییەوە، شۆرتی كارەبای ماڵان لە 730 حاڵەتەوە، كەمبووەتەوە بۆ 330 حاڵەت، كە دبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە، هەروەها ساڵانە زیاتر لە 50 محەویلە دەسووتان، بەڵام ئێستا لەدوای پڕۆژەی رووناكییەوە، ئەمساڵ تەنها 21 حاڵەتی سووتانی محەویلە هەبووە”.

باسی لە تواناكانی تیمی بەرگری شارستانی هەولێر كرد و بە وتەی شاخەوان سەعید، لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگردا، ریكۆردی عێراقیشیان شكاندووە، پاش ئەوەی توانیان بە تەنها سێ‌ دەقیقە و 30 چركە، ئاگرێك لە نهۆمی حەوتم لە شوقەكانی نازناز- زەكەریا كۆنتڕۆڵ بكەن.

كار و چالاكییەكانی بەرگرى شارستانى هەولێر:

– سەرەتای هەموو ساڵێك، سیمینار و كۆڕ بۆ هەموو دەزگاكان دەكەن و رێنماییان پێ‌ دەدەن و هۆشیاریان دەكەنەوە.

– پۆستەر لە هەموو شوێنە گشتییەكان دادەنێن، كە هۆشیاركردنە و رێنماییەكان لەخۆدەگرێت.

– ئەندامن لە لیژنەی قایمقامییەتی هەولێر، كە هەفتەی جارێك بۆ دوو جار بەسەر شوێنەكاندا دەگەڕێن و ئەوانەی پابەند نەبن، ئاگادار دەكرێنەوە و سزا دەدرێن.

“بەرگرى شارستانى هەولێر نوێترین ئۆتۆمبێلی سەردەمیانە و تەكنەلۆجیا و كەرەستەی پێویستی بۆ دابینكراوە، كە دەتوانرێت بڵێین، لەو رووەوە لە ئاستی ئەوروپاداین”، شاخەوان سەعید وا دەڵێت.