لەژێر کاریگەرى وشکەساڵیدا
زیاتر لە%50ـى زەوییە بەراوییەکانى ئیدارەى راپەڕین ئاویان پێناگات
964+
محەمەد عەلى- ئیدارەى راپەڕین
وشکەساڵى تەنگى بە جوتیارانى سنوورى پشدەر و بیتوێن هەڵچنیوە، کاریگەرییەکە بەشێوەیەکە نیوەى رووبەرى زەوییە بەراوەکان ئەمساڵ ئاویان پێناگات و سەرچاوەکانیان وشکبووە.
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین بە 964ـی وت،“ وەک کشتوکاڵی راپەڕین بەردەوام چاودێری جوتیارەکان دەکەین و سەردانیان دەکەین، وشکە ساڵی ئەمساڵ کاریگەری بەرچاوی لەسەر جوتیاران هەبووە، بەشێوەیەک لە %50ـى سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی وشکیان کردووە، بەمەش جوتیاران نەیانتوانیوە ئاو بۆ زەوییەکانیان دابین بکەن”.
بەوتەى خالید ئەحمەد، وشکەساڵییەکە بووەتە هۆى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر لە دار و درەختى باخەکان وشکببن یان هەڵبپڕوکێن، ئەوە جگە لە زیانى بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە 964 لە کشتوکاڵی راپەڕین و پشدەر دەستیکەوتووە، لە ئیدارەی راپەڕین 250 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بوونی هەیە، لەو ژمارەیە 140 هەزار دۆنم زەوی لە قەزای پشدەرە و %50ـى زیاتری زەوییە بەراوەکان بەهۆى ئەوەى ئەمساڵ ئاویان پێناگات، نەکراون بە کشتوکاڵ.
بەشێک لە باخ و زەوییەکان بە ئاوى تانکەر ئاو دەدرێت
بەهۆى وشکبوونى سەرچاوەکانى ئاو و بیرەکانەوە، لەئێستادا بەشى زۆرى جوتیاران و خاوەن باخەکان روویان لە کڕینى ئاو کردووە.
حەسەن عەبدوڵا کە شۆفێرێکى تانکەرى ئاوە لە قەڵادزێ بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت،”بەشێکى زۆر لە خاوەن باخەکان بێ ئاون و ئێمە ئاویان بۆ دەبەین و باخەکانیان پاراو دەکەین، ئێمە نەبین باخەکانیان وشک دەبن”.
بە وتەى ئەو شۆفێرى تەنکەرە، لە رۆژێکدا لانیکەم 15 جار ئاو بۆ خاوەن باخەکان دەبەن، کە هەر تانکەرێک 13 هەزار لیتر ئاو دەگرێت و نرخەکەى 30 بۆ 35 هەزار دینارە و بەپێى شوێن دەگۆڕێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح