مەسرور بارزانی بۆ لایەنە پەیوەندارەکان: بیانییەکانی دانیشتووئ کوردستان فێری کوردی بکەن

دەبێت کونسوڵخانەکان تابلۆکانیان بە کوردی بنووسن

+964

فەرمان سادق

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەکادیمیای کوردی دەکات هاوڵاتییە بیانییەکانی دانیشتووی کوردستان فێری زمانی کوردی بکرێن.

لەرۆژی جیهانی زمانی دایک، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو بڕیاری دەرکرد.

لەبڕیاری یەکەمدا داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە دەکات کە بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕان، پڕۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی ئامادە بکەن بۆ ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

بەپێی راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم بێت کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردۆتەوە، بڕیاری دووەمی سەرۆکی حکومەت پەیوەندارە بە تابلۆی هوتيل و شوێنە گەشتیاری و رێستورانتەکان و نوێنەرایەتی کونسوڵگەری وڵاتان لەهەرێمی کوردستان.

“پشت بەست بەیاسای زمانە فەرمییەکان لەهەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014، لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لەهەرێمی کوردستان، کاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ نووسینی تابلۆ بەزمانی کوردی لەسەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، بەپێی حوکمەکانی یاسای ئاماژە پێدراوی سەرەوە”. لەبڕیارەکەدا هاتووە.

هەروەها لەهوتيل و شوێنە گەشتیاری و رێستورانتەکان، دەبێت گرنگی بەزمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و رێبەر و رێنماییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.