چەندین چالاکی و فەرهەنگی و کلتوری بەڕێوەدەچێت

مانگی داهاتوو دیدارێکی گرنگ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمەریکی عێراق – سلێمانی (AUIS) دیداری یەکەمی کوردناسی لە  25 تا 27ی مانگی داهاتوو ساز سازدەکات و لە دیدارەکەدا گفتوگۆی شارەزایان لەبارەی مێژوو، کۆمەڵناسی، هونەر و کلتور و ناسنامەی کورد ئەنجام دەدرێت.

هەڵکەوت چەلەبی بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی ئەمریکی بە 964ـی وت، ئەم دیدارە دەبێتە چالاکیەکی ساڵانە و ئاماژەیە بۆ بایەخی AUIS, وەک ناوەندێکی دیاری رەخنەیی فکری و زانستپەروەر بۆ دیالۆگی رۆشنبیری و فەرهەنگی ئاست بەرز لە کوردستان و ناوچەکە.

باسی لەوەکرد، لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا ئامادەبووان باس لە رەهەندەکانی کوردناسی دەکەن لە بوارەکانی بیری سیاسی و ئەنترۆپۆلۆجیا و ئەدەب و زمان و هونەر.

چەلەبی ئەوەی خستەڕوو، زانایان و توێژەرانی ناودار لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بانگهێشتکراون بۆ  دیداری کوردناسی، ئامادەسازی دەکرێت بۆ بەشداربوونی فراوانی توێژەر و هونەرمەندانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، کە دەیانەوێت هاوبەشی بکەن لە پەرەپێدانی ئەم بوارە گرنگە مەعریفیە، هاوکات پێشانگایەکی هونەری رێکدەخەن بۆ پێشاندانی هونەری شێوەکاری هاوچەرخی کوردی و نمایشێکی تایبەت بە مۆسیقا و ئاهەنگێکی ناوازەی کوردی.

ئەم چالاکییە هونەری و رۆشنبیرییە هاوکات لەگەڵ خولی دووەمی فێستیڤاڵی (ئاوازی گەلان لە هەواری شار) بەڕێوەدەچێت. لەم فێستڤاڵە موزیکییەدا تیشک دەخرێتە سەر دەوڵەمەندی کەلەپوری هونەر و مۆسیقای کوردی و پەیوەندیی مێژوویی بە کولتوور و میوزیک و شارستانییەکانی گەلانی دەورووبەر، هەروەها جەخت لەسەر رۆڵی هونەر و مۆسیقا وەک پردێک لە نێوان گەلاندا دەکرێتەوە.

هەڵکەوت چەلەبی باسی لەوەکرد، لە کۆڕبەندەکەدا پێشانگای کتێب و پلاتفۆرمی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی پێشکەش دەکرێت و تیشک دەخرێتە سەر نوێترین بڵاوکراوەکان و بەشدارییە ناوازەکان لە بواری خوێندنی کوردیدا و دەرگا بەڕووی دەنگی زانستی نوێ و پێشەنگادا دەکرێتەوە.

دیداری کوردناسی لەسەر بنەمای دیداری سلێمانی بنیات نراوە، کە بۆتە کۆڕبەندێکی بەناوبانگی دیالۆگ بۆ شرۆڤەی سیاسەتی ناوچەیی و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی: دڵخۆشین دیدارەکە هەمووانی کۆکر...

سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی: دڵخۆشین دیدارەکە هەمووانی کۆکردەوە